ناس کورد-
بڕیارە سبەینێ قۆناغى یەکەمى پێکهێنانى ژورى ئۆپراسیۆنى هاوبەشى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق دەستپێ بکات و ڕێککەوتنى نێوانيان لەو بارەیەوە بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بە ئامانجى ڕاوەدونانى شانە نوستووەکانى داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەوت مانگ لەمەوبەر پێشمەرگە سوپا ڕێککەوتن لەسەر دروستکردنى سەنتەرى هەماهەنگى هاوبەش لە بۆشایی ئەمنى لەسنورى ناوچە جێناکۆکەکان بەڵام ڕێککەوتنەکە بە جێبەجێنەکراوى ماوەتەوە.
لەگەڵ زیادبوونى هێرشەکانى داعش لەو ناوچانە کە هۆکارەکەى بۆ نەبوونى هەماهەنگى دەگەڕێنرێتەوە، هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنى ڕێککەوتنە چڕکراونەتەوە، شاندێکى وەزارەتى پێشمەرگە و سەرۆکایەتى هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە چوونە سنورى گەرمەسێر و کوڵەجۆ، هەروەها شاندێکى هاوپەیمانان چونە سنورى گەرمەسێر.
مەحمود سەنگاوى، فەرماندەی میحوەری گەرمەسێر لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان وتى، "سبەینێ هەنگاوى یەکەمى دروستکردنى سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەش دەچنە بوارى جێبەجێکردنەوە، تا داعش سود لە بۆشایی ئەمنى وەرنەگرێت".
لەدواى رووداوەکانى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017ەوە سنورى ناوچە جێناکۆکەکان وەک بۆشایی ئەمنى نێوان هەرێم و بەغدا ماونەتەوە، بەوتەى فەرماندە سەربازییەکان ئەوەش دەرفەتى بۆ داعش و گروپە چەکدارەکان رەخساندووە کە خۆیان رێکبخەنەوە و دەست بە جموجۆڵ بکەن.
مەحمود سەنگاوى وتى، "سەنتەرەکان لە موسڵ و هەولێر و کەرکوک و خانەقین دروست دەکرێن، پێنج ئەفسەر لە پێشمەرگە و پێنج ئەفسەر لە سوپاى عێراق سەرپەرشتى سەنتەرەکان دەکەن".
وتیشى، "هەروەها دوو لیوا دروست دەکرێت کە نیوەى پێشمەرگە و نیوەى دیکەى سوپاى عێراق بێت".
چڕکردنەوەى جموجۆڵەکان بۆ دروستکردنى سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەش لە کۆبوونەوە ئەمنییە باڵاکەى سەرەتاى ئەم مانگە بە بەشدارى پێشمەرگە و سەرپەرشتى مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق بڕیارى لێدرا کە سەردانى شاندێکى ئەمنى عێراقى بەدواداهات بۆ هەولێر.
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بەپێگەى فەرمى پارتى ڕاگەیاند، "پێش جەژن شاندێکی سەربازیی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە، پێشتریش ڕێککەوتن هەبوو لەسەر پێکهێنانی ژمارەیەک ژووری هەماهەنگی، بەڵام پێکهێنانیان دوا کەوت."
وتیشى، "لە کۆبوونەوەی ڕابردووی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بڕیار درا دوای جەژن چوار ژووری هەماهەنگی لە نێوان هەردوولا بکرێنەوە و دەستبەکار ببن."
"ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە خەریکی دیاریکردنی ئەفسەرە بۆ ژوورەکانی هەماهەنگی و لەگەڵ عێراق پێکەوە زانیاری لەبارەی جووڵەی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ دەکەن"، سەربەست لەزگین وایوت.