ناس کورد-
نوێترین توێژینەوەى زانستى جیهانى ئاشکراى کرد، ئەوانەى کە 55 کاتژمێر لەهەفتەیەکدا بە بەردەوامى کاردەکەن مەترسى دووچاربوونیان بە نەخۆشیەکانى جەڵتەى دڵ و مێشک هەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەى توێژینەوەیەکى هاوبەشى ڕێکخراوى تەندروستى و کارى جیهانى کە لە لەگۆڤارى (ژینگەپارێزى نێودەوڵەتی) بڵاوکراوەتەوە، ئەوە ئاشکرا کراوە، لەساڵى 2016دا نزیکەى 745 هەزار کەس بەهۆى دووچاربوون بەجەڵتەى مێشک و نەخۆشییەکانى دڵ مردوون، ئەوەش بەراورد بە ئامارێکى ساڵى 2000 بەڕێژەى 30% مردن بەو هۆکارانە زیادى کردووە.
لاى خۆشیەوە، ماریا نێرا بەڕێوەبەرى ژینگە و گۆڕانکارى ئاو و هەوا لەڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، 55 کاتژمێر کارکردن بەبەردەوامى لەهەفتەیەکدا مەترسیەکى خراپى بۆ سەر تەندروستى هەیە.
توێژینەوەکە ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، بەڕێژەیى 72% قوربانیەکان لەپیاوانن لەنیوەى تەمەندان یاخود لەسەرووى پەنجا ساڵیەوەن.
هەر بەپێى دەرئەنجامى توێژینەوەکە، قوربانیەکانى ئەو دۆخە زیاتر ئەوانەن کە لەباشوورى خۆرهەڵاتى ئاسیا و خۆرئاواى ئۆقیانوسى ئارام دەژین کە پێکدێن لەوڵاتانى چین و ژاپۆن و ئوستورالیا.
توێژینەوەکە پشتى بەستووە بە داتاکانى 194 وڵات و جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە کارکردن بۆ ماوەى 55 کاتژمێر لەهەفتەیەکدا بەڕێژەى 35% مەترسى دووچاربوون بە جەڵتەى مێشک زیاد دەکات و هەروەها بەڕێژەى 17% مەترسى دووچاربوون بەنەخۆشییەکانى دڵ زیاد دەکات بەراورد بەوانەى کە لەنێوان 35 بۆ 40 کاتژمێر لەهەفتەیەکدا کار دەکەن.
توێژینەوەکە قوربانیەکانى ساڵەکانى نێوان 2000 و 2016 وەکو سامپڵ وەرگرتووە بەوەش قوربانیەکانى پەتاى کۆرۆناى نەگرتووەتەوە بەڵام بەرپرسانى ڕێکخراوى تەندروستى دەڵێن بەهۆى ڕێکارەکانى پەتاى کۆرۆناوە کارکردن لەماڵەوە بۆ کاتێکى زۆر بەهەمان شێوە ئەگەرى مەترسییە تەندروستیەکانى هەیە.