ناس کورد-
وەزارەتى تەندروستى عێراق پێنج راستى لەبارەى ڤاکسینەکانى کۆرۆناى ئاشکرا کرد و داواى لە هاووڵاتیان کرد کە ڤاکسین وەربگرن و گوێ لەو پڕوپاگەندانە نەگرن کە لەدژى ڤاکسینەکە دەوترێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ریاز عەبدولئەمیر، بەڕیوەبەرى گشتى لە وەزارەتى تەندروستى عێراق (17ى ئایارى 2021) لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراقییە ئاماژەى بەوە کرد، کەسانێک کەسودمەندن لەمانەوەى پەتاى کۆرۆنا و بۆ برەودان بە بازرگانییەکانیان لە نۆرینگە نایاساییەکانیاندا بەردەوامن لە بەلاڕێدانى راستییە زانستییەکان لەبارەى ڤاکسینەکان.
ئەوەشى رونکردۆتەوە کە ڤاکسینەکان رێگرى لە توشبوون بە پەتاکە ناکەن بەڵکو رێگرى لەنەخۆشییەکە و نیشانەکانی تا ڕێژەیەکی دیاریکراو دەگرێت بەپێی کاراییەکەی، بۆ نموونە ئەگەر ڤاکسین 90 ٪ کارابێت ، ئەوا بەڕێژەی 90 ٪ ڕێگە لەدەرکەوتنی نیشانەکانی دەگرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر 100 کەس دوو ژەمى ڤاکسینەکەیان وەرگرت، ئەوا ڕەنگە 10 یان نیشانەکانی دەرکەون و 90 یان نیشانەکانی دەرنەکەوون.
وتیشی، ئەو 10٪ توشبووەش رێگری دەکات لە ڕوودانی قۆناغی سەختی نەخۆشییەکە بە ڕێژەی لە سەدا سەد.
بەوتەى عەبدولئەمیر، کەسێک کە یەک ژەمە ڤاکسینى وەرگرتووە بۆى هەیە نیشانەکانى لەسەر دەربکەوێت چونکە هێشتا بەرگری تەواویان لە ڤاکسینەکە نییە و ئەمەش بەشێوەیەکی زانستی سەلمێنراوە.
جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە هیچ کەیسێکیش تۆمار نەکراوە کە کوتان بە ڤاکسینەکە ببێتە برینداربوونی سییەکان .
وتیشی، زۆربەی ئەو ئاڵۆزیانەی تۆمار دەکرێت، ئاڵۆزییەکی کورتخایەنن، کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و سەلامەتییان بۆ مسۆگەرکراوە.
بەڕێوەبەرە گشتییەکەى تەندروستى عێراق رونیکردەوە، ئەو لێدوانە نابەرپرسانەی هانی هاوڵاتیان دەدات ڤاکسین بەکارنەهێنن شێواندنی ڕاستییە زانستییەکانە و تاوانێکە کە کەمتر نییە لە تاوانی تیرۆریستی.
داواشى کرد ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەسانە بگیرێتە بەر کە ڕاستییە زانستییەکان دەشێوێنن و دەبێتە هۆی زیادبوونی تەشەنەکردن و کۆنتڕۆڵنەکردنی پەتاکە.
وتیشی "هەموو ئەو کوتانەی ئەمڕۆ لە عێراق بەکار دەهێنرێ لە لایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە پەسەند کراوە و بە لانی کەم لە 200 وڵات بەکار دەهێنرێ تا ژمارەی کوتراوەکان لە جیهاندا گەیشتووەتە زیاتر لە 1 , 4 ملیار کەس.
داواشى لە هاووڵاتاین کرد کە گوێ لەو دەنگە نائاساییانە نەگرن کە مەبەست لێی بەردەوامیدانە بە پەتاکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان.