گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئامارێکی سەرسوڕهێنەر

لە ساڵی 2003ەوە زیاتر لە 14 هەزار ئەفسەر و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کوژراون

2021.05.16 - 21:31
App store icon Play store icon Play store icon
لە ساڵی 2003ەوە زیاتر لە 14 هەزار ئەفسەر و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کوژراون

ناس کورد-
توێژینەوەیەکی ئەمنی و سیاسی زانکۆی بێرمینگهام سیتی بەریتانی ئاشکرایکرد، لەدوای ساڵی 2003ەوە نزیکەی 14 هەزار ئەفسەر و ئەندامی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان کوژراون کە بەشی هەرە زۆری قوربانییەکان لە ئەنجامی ڕووبەڕووبووەنەو لەگەڵ چەکدارانیی داعش و لە ئاکامی کردە تیرۆرستییەکاندا کوژراون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماڵپەڕی THE CONVERSATIONی بەریتانی (16ی ئایاری 2021) ڕاپۆرتێکی، لیلی هامورتزیادۆ، توێژەر و پسپۆر لە لێکۆڵینەوە ئەمنییەکان و سیاسییەکانی زانکۆی بێرمینگهام و سەرۆکی بۆردی Iraq Body Count ناحکومەی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "هەزاران ئەفسەر و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە دوای ساڵی 2003ەوە کوژراون، هەموویان لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا کوژراون لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو، بۆمبی چێنراو، تەقینەوە خۆکوژییەکان، تەقەکردن و لەسێدارەدان لەسەر دەستی گروپە تیرۆرستییەکان".


ئاماژەی بەوەشکردووە، "بوون بە پۆلیس یان ئەندامی یەکێک لە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق لەدوای ساڵی 2003ەوە یەکێک لە بژاردە مەترسیدارەکانە، لەو بەرواردا تائێستا نزیکەی 14 هەزار ئەفسەر و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژراون".


بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، "تەنها لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2021دا، 23 پۆلیس کوژراون کە بەشێکی زۆریان لە ئاکامی ئەو کردەوە تیرۆرستییەدا بوون بەقوربانی کە لەم دوایەدا لە پارێزگای دیالە ڕوویدا".


هامۆرتزیادۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەشێکی زۆری ئەفسەرەکان و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لەسەر دەستی گروپە تیرۆرستییەکان کوژراون، بە تاییەتی ڕێکخراوی داعش".


ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بەشێکی زۆر لە ئەندامە کوژراوەکانی هێزە ئەمنییە هۆکاری کوژرانیان دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە لەشوێنی هەڵەدابوون، لە 10 کانوونی دووەمی ساڵی 2015دا، 40 پۆلیس لە پارێزگای سەڵاحەدین لەسەر دەستی ڕێکخراوی داعش گولەباران کران بەهۆی ئەوەی ڕەتیانکردەوە بەیعەت بە ڕێکخراوەکە بدەن".


توێژەرە بەریتانییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەوە جەنگەی کە لە ئێستادا لە عێراق دەگوزەرێت مەرامی سیاسی لە پشتەوەیە، بۆیە بەشێوەیەکی ڕێکخراوی ئەنجام نادرێت، گروپە چەکدارەکان زۆرجار دەیانەوێت لەڕێگەی ئەنجامدانی ئەو هێرشانەوە لاوازی حکومەت نیشان بدەن و ترس بخنە ناو دڵی هاوڵاتیانەوە".

 

هامۆرتزیادۆ ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، "عێراق هێشتا بەوڵاتێکی هەڕەشەی ئەمنی دادەنرێت و ڕەنگە لەدوای یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2005ەوە چووە ناو یەکەم تاقیکردنەوەی دێموکراسییەوە، بەڵام هێشتا وڵاتێکە تەحەدای ئاسایشی ناوخۆ و کەلێن و هەڕەشەی ناوخۆیی لەسەر سەرکردایەتیەکەی هەیە".


بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، "زۆرینەی خەڵک هیچ متمانەیەکی بە ڕژێمی حکومرانی نییە، بەڵکو لە جیاتی ئەوە پەنایان بۆ ئەوە بردوە کە متمانەیان بە گروپ و پێکهاتەکانی دینی و خێڵەکی هەبێت".


ڕاپۆرتەکە جەختی لەوەشکردووەتەوە، داعش بەرپرسیارە لە کوشتنی ژمارەیەکی زیاتر لە ئەفسەر وئەندامانی پۆلیسی عێراقی لە هەموو ڕێکخراوێکی دیکەی تێرۆریستی داعش.