ناس کورد-
پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان "بۆ مەرامی تایبەت و بەدەستهێنانی لایک و کۆمێنت بڵاویان کردۆتەوە کە گوایە سلێمان هەڵشۆیی لە زیندان ڕایکردووە، بۆ ئەو مەبەستە وەکو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنین کە سەرلەبەری ئەم جۆرە هەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەڕێوەبەڕایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕوونکردنەوەیەکدا (16ی ئایاری 2021) دەڵێت، سلێمان هەڵشۆیی بەبڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی 456 لە یاسایی سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لە ئێستاشدا لە گرتن و گواستنەوەی ڕاپەڕینە و تەندروستی زۆر باشە، وە لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە."
دەشڵێت، "بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتیمان سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین لەدژی خاوەنی ئەو پەیج و ئەکاونتانەی کە دەنگۆ و هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە بەتایبەت بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان، چونکە بڵاو کردنەوەی ئەوجۆرە هەواڵە نادروستانە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر بارودۆخی دەرونی هاوڵاتیان و بەتایبەت ئەو کەسانەی کە مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی کردووە و سکاڵایان تۆمار کردووە."
داواش لە هاوڵاتیان دەکات "بڕوا بەو جۆرە هەواڵانە نەکەن، تەنها ئەوەی لە بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاو بکرێتەوە فەرمیە."
ڕۆژی 10ی ئازاری 2021، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی سڵێمان هەڵشۆیی بەردەوامە و لەئێستادا 30 کەس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و زیاتر لە 300 سکاڵاش لەسەر کەیسەکە تۆمار کراوە، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک دەستی بەسەردا نەگیراوە.
شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین (10ی ئازاری 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، لەسەرەتای لێکۆڵینەوە لە کەیسی سڵێمان هەڵشۆیی تاوەکو ئێستا 52 کەس دەستگیرکراون بە مادەی 456 لەیاسای سزادانی عێراقی و ئێستا 30 کەس ماونەتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و ئەوانی دیکە بە کافالەت ئازاد کراون، و زیاتر لە هەزار و 200 کەسیش ناوی خۆیان تۆمار کردبوو بۆ سکاڵا و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 300 سکاڵا وەرگیراوە و ڕۆژانەش ئەو ژمارانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت بەهۆی ئەوەی سکاڵای نوێ تۆمار دەکرێت لەبارەی کەیسەکە.
باسی لەوەشکرد، تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک کە دەوتریت سڵێمان هەڵشۆیی لە هاووڵاتیانی وەرگرتووە دەستی بەسەردا نەگیراوە و ئەو بڕە پارەیەش دیاری نەکراوە کە کەوتووەتە لایی و چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی سکاڵاکان دەکرێت بۆ دیاریکردنی بڕی پارەکە.
رۆژى شەممە (19ى کانونى یەکەمى 2020)، بڵاوبوونەوەى هەواڵى "مایەپووچبوونى سلێمان" دەڤەرى پشدەرى هەژاند و پەردەى لەسەر مامەڵەیەکى 30 ملیۆن دۆلارى ئەو سەرمایەدارە گەنجە لەگەڵ سەدان کەسى دیکەدا هەڵماڵى.
بەپێی بەدواداچونەکانى "ناس کورد"، مامەڵەى سلێمان لەگەڵ ئەو کەسانە بەچەند شێوازێک بووە، کە دیارترینیان وەرگرتنى ئۆتۆمبیل بووە لە خەڵک بە گرانتر لە نرخى بازاڕ و پێدانى پارەکان بەو کەسانە لەماوەى چەند مانگێکدا.
جگە لە ئۆتۆمبیل، سلێمان دەمانچە و ئاژەڵیشى بە نرخى دوو هێندە یان کەمتر لەخەڵک وەردەگرت و خۆى راستەوخۆ بە نرخى راستەقینە دەیفرۆشت و مۆڵەتى چەند مانگێکى بۆ ئەو کەسە دادەنا تا پارەکەى پێبدات.
سلێمان لە مامەڵەکانیدا پشتى بە بەڵگەنامەى فەرمى و یاسایی نەبەستووە، تەنها وەسڵێکى بەناو و واژۆى خۆیەوە بۆ ئەو کەسانە کردووە.