ناس کورد-
فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندی پاراستنی گەل ڕایگەیاند "دەوڵەتی تورک هەرکات نەتوانێت ڕوبەڕووی گەریلاکانمان ببێتەوە چەکی کیمیاویی بەکار دەهێنێت و تاوەکو ئێستاش حەوت گەریلا بەچەکی کیمیاوی شەهید بوون".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندی پاراستنی گەل (15ى ئایارى 2021) لە پەیامێکى ڤیدیۆیدا کە "ناس کورد" بینیوویەتى ئاماژەى بەوە کرد "دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانیدا و بەهۆی بەرەنگاری و بەرخودانی گەریلاوە ناتوانێت بەرەو پێش بڕوات و بۆ ئەوەش لە هەر شوێنێک دەچەقێت چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێت و ئەو حەوت گەریلایەی لە مام ڕەش شەهید بوون بە چەکی کیمیایی شەهید بوون".
باسی لەوەشکردووە، "دەبێت گەلەکەمان بزانێت تاوەکو ئێستا لەو هێرشانەدا 18 شەهیدمان هەیە و چارەنوسی 6 گەریلاش نادیارە و زانیاریمان لەبەردەستدا نییە و هەواڵی شەهیدبوونیان بە ئێمە نەگەیشتووە".
ئەوەشی وتووە، "دەوڵەتی تورک بە ڕێکخستنی پڕوپاگەندەی ڕەش کوژراوەکانی خۆی دەشارێتەو و تاوەکو ئێستا 187 سەربازیان کوژراوەو 20ی دیکەش بریندار بوون".
لەبارەی ئامانجی تورکیاوە، موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندی پاراستنی گەل وتویەتی "دەوڵەتی تورک ماوەی 5 ساڵە سەرقاڵی پیلانگێڕییە بۆ داگیرکردنی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەوەش قۆناغ بە قۆناغ بەبیانوی بوونی پەکەکە دێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان".