گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەیانتوانی چاکسازیی لە کەرتی تەندروستیدا بکەن

تەواوی کابینەی حکومەتی فینلەندا دەستیان لەکارکێشایەوە

2019.03.09 - 22:13
تەواوی کابینەی حکومەتی فینلەندا دەستیان لەکارکێشایەوە

 

 

 

ناس کورد-

دوای ئەوەی سەرکەوتوونەبوون لە جێبەجێکردنی پلانی چاکسازی لە کەرتی تەندروستیدا، تەواوی کابینە وەزارییەکەی حکومەتی فینلاندا دەستیان لەکارکێشایەوە.

 

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردوەتەوە، سەرۆک وەزیرانی فینلاندا یوها سیبیلا  نیگەرانە لەوەی کابینەکەی نەیتوانیوە ئامانجەکانی خۆی بپێکێت لە دابینکردنی سیستمێکی تەندروستی و کۆمەڵایەتی تۆکمە بۆ هاوڵاتییەکانی ئەو وڵاتە.

 

سەرۆک وەزیران باسی لەوەش کردووە کە سیستمی خزمەتگوزاریی گشتی ئەو وڵاتە تووشی فشار و قەیرانی دارایی بووەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە ڕێژەی پیریی لە ناو دانیشتووانی ئەو وڵاتەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

 

سیبیلا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە حکومەتەکەی توانای ئەوەی نەماوە مووچەی خانەنشینی و خزمەتگوزاری پزیشکی بۆ ئەو کەسانەی چوونەتە تەمەنەوە تەرخان بکات.

 

بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2018 ئەو کەسانەی تەمەنیان 65 ساڵی تێپەڕکردووە لە وڵاتی فینلەندا ڕێژەکەی گەیشتووەتە لەسەدا 21.4ی کۆی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، ئەوەش پێنجەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان کە ڕێژەی هاوڵاتی بەتەمەن تێیدا لەو ئاستەدایە دوای هەر یەک لە وڵاتەکانی ئەڵمانیا، پرتوگال، یۆنان و ئیتاڵیا.