ناس کورد-
وتەبێژی دەستەی گەشت و گوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەمساڵ بەهۆی ڕێککارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆناوە قەدەغەی هاتوچۆ بووە لەنێوان هەرێم و باشور و ناوەڕاستی عێراق و هیچ ئامارێکی هاتنی گەشتیاران بۆ ئێمە نەهاتووە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نادر ڕۆستی وتەبێژی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێم (15ی ئایاری 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" وتی "ئەمساڵ بەهۆی بەردەوامی ڕێککارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان هەرێم و باشورو ناوەڕاستی عێراق هیچ ئامارێکی هاتنی گەشتیاران نەهاتووەتە دەستەکەو ئەوەی بەرچاومان کەوتووە تەنها لە سلێمانی گەشتیار هەبووە".
هاوکات نەریمان فازڵ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی گەشت و گوزاری هەولێر بۆ "ناس کورد"ى ئاشکراکرد، بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ قەدەغەی هاتوچۆ هەبووە لە نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق، پابەندی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ بووین و هیچ گەشتیارێک نەهاتووەتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
باسی لەوەشکرد، ئەوەی هەبووە لە سلێمانی ڕێگە بە هاتنەناوەوەی گەشتیار دراوە بەڵام وەکو هەولێر هیچ گەشتیارێکمان نەبووەو پابەندی بڕیارەکان بووین".
عەلى رەووف، بەڕێوەبەرى گەشتوگوزارى سلێمانى (15ى ئایارى 2021) لەمیانەى بەشداریکردنى بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بینەرى بوو رایگەیاند، هەتا ئێستا بەگوێرەى ئامارە سەرەتاییەکان 75 هەزار گەشتیار لە بازگەکانەوە هاتونەتە شارى سلێمانى.
وتیشى، هاتنى گەشتیار لە بازگەکان لەچوارچێوەى ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ دەکرێت.
بەڕێوەبەرى گەشتوگوزارى سلێمانى رونیکردەوە، بەهۆى هاتنى ئەو گەشتیارانە ئۆتێڵ و مۆتێلەکانى شارى سلێمانى پڕبوونەتەوە و شوێنى تر نەماوە و سەرجەمیان پڕبوون.
ئاماژەى بەوەش کرد، زۆربەى گەشتیاران لە ناوەڕاست و خوارووى عێراقەوە دێنە شارى سلێمانى و هەرێمى کوردستان و جەختیشى کردەوە کە لەسەدا نەوەدى گەشتیارانى سلێمانى و هەرێمى کوردستان هاووڵاتیانى ناوەڕاست و خوارووى عێراقن.