گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

گالیسکەیەکى گەڕۆکى چین لەسەر مەریخ نیشتەوە

2021.05.15 - 12:46
App store icon Play store icon Play store icon
گالیسکەیەکى گەڕۆکى چین لەسەر مەریخ نیشتەوە

ناس کورد-

وڵاتى چین سەرکەوتنى بەدەستهێنا لەسەر نیشتنەوەى گالیسکەیەکى گەڕۆک لەسەر هەسارەى مەریخ.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لوقمان حەوێز، فەلەکناسى کورد لە تێکساس (15ى ئایارى 2021) لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى بەوە کرد، وڵاتی چین ئەم بەرەبەیانە بەرواری 15 ی مانگی ئایاری 2021 توانی بەسەرکەوتوویی گالیسکەی گەڕۆکی ژورۆنگ Zhurong بەنەرمی لەسەر هەسارەی مەریخ بنیشێنێتەوە، بەمەش چین بووە دووەم ووڵات لەدوای ئەمەریکا بتوانێت ئەم کارە قورسە ئەنجام بدات.

 

ئەو فەلەکناسە رونیکردەوە، هەواڵەکە ئەم بەرەبەیانە بەکاتی کوردستان لەلایەن دامەزراوەی بۆشایی ئاسمانی چینی بڵاوکرایەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ چین وێنە یان ڤیدیۆی نیشتنەوەکە بڵاوبکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا چین بەفەرمی شوێنی نیشتنەوەکەی لەسەر ڕووی هەسارەکە ئاشکرا نەکردوە بەڵام پێدەچێت لە شوێنێکی سەر هەسارەکە نیشتبێتەوە کە بە پانتایی Utopia.Planitia ناسراوە، ئەو شوێنەی لەساڵی 1976 ئاژانسی ناسا لەڕێگەی کەشتی Viking-2 پشکنینی بۆ کرد.

 

ئاماژەى بەوەش کرد، ئەم گالیسکەیەی چین بەشێک بوو لە کەشتی Tianwen-1 کە هاوینی ساڵی پار چین بەرەو هەسارەی سور بەڕێی کرد و لە دوو بەشی سەرەکی پێک هاتبوو، بەشی یەکەم وەکو مانگێکی دەستکرد بەدەوری هەسارەی مەریخ دەسوڕێتەوە و بەردەوام لەوێ دەمێنێتەوە، بەشەکەی تریشی ئێستا نیشتەوە لەسەر هەسارەکە، لەدوای نیشتنەوەکە گالیسکەی ژورۆنگ کە گەڕۆک دەبێت لە بەشە جێگیرکراوەکە جیا دەبێتەوە و پشکنین دەکات.

 

جەختیشى کردەوە کە کۆى گشتى گەشتەکە دەبێتە بازدانێکی گەورە بۆ چین لەبواری پشکنینەکانی ئاسمان بەگشتی و هەسارەی مەریخ بەتایبەتی، شایانی باسە تا ئێستا ڕووسیەکان و ئەوڕوپیەکان چەند جارێک دوای هەوڵدان شکستیان هێناوە لە نیشاندنەوەی کەشتی و گالیسکە لەسەر ڕووی هەسارەی مەریخ، ئاژانسی ناسا تا ئێستا تاکە لایەن بووە چەندەها نیشتنەوەی بە پەڕەشوت و دوو نیشتنەوەی نەرمیشی بێ پەڕەشوت لەسەر هەسارەی سور ئەنجامداوە.