گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی سیستمە نوێیەکە

بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەکرێتە ئەلیکترۆنی‌

2021.05.14 - 19:02
App store icon Play store icon Play store icon
بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەکرێتە ئەلیکترۆنی‌

ناس کورد-

 

لەڕێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی دەکرێت بەئەلیکترۆنی‌و مامەڵەی دراوو ئاڵوگۆری پارەی تێدا دەکرێت‌، بە ئامانجى ئەوەى ببێتە ناوەندێکی گەورەی بازرگانی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

میر کاوە، سەرپەرشتیاری گشتی ئەپڵیکەیشنی ئاڵوگۆڕی دراوی ئەلکترۆنی لەشاری سلێمانی بە گۆڤارى "بازرگانی‌ و پیشەسازی" راگەیاند "پلادفۆڕمی IRAQI MONEY EXCHANGE بریتیە لەبۆرسەیەکی ئەلکترۆنی تایبەت بەئاڵوگۆڕی دراو، تیایدا بەکارهێنەر دەتوانێت نرخی ڕاستەوخۆی دراوەکان ببینێت‌و بەئاسانترین شێوە دەتوانێت مامەڵەکان‌و گرێبەستی ئەلکترۆنی ئەنجام بدات کە ئەمەش دەبێتە هۆی فەراهەمکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ مامەڵەکان".

 

رونیشیکردەوە "ئامانجی ئەم بۆرسە ئەلکترۆنیە ئەوەیە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دۆلارەکەی سلێمانی ببێتە ناوەندێکی گەورەی بازرگانی‌و خاوەن سیستەمێکی ئەلکترۆنی پێشکەوتو، کۆمپانیاو نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو کە مۆڵەتی فەرمیان هەیە تاکە لایەن دەبن کە دەتوانن راستەوخۆ بەشدار بن لەسیستمەکەداو هەر لایەنێکی تریش لەناو سلێمانی‌و شارەکانی تری عێراق‌و دەرەوەی وڵات دەبێت لەڕێگەی ئەوانەوە بەشدار بن لەبۆرسەکەدا بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکانیان". 

 

 میر ئاماژە بەوە دەکات زیادکردنی قەبارەی مامەڵەی بازرگانی بەبڕی تێچووی کەمترو کاتی کەمترو دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ مامەڵەکان لەڕێگەی ئەنجامدانی گرێبەستی ئەلکترۆنیەوە، وادەکات بازرگانانی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی بتوانن بەشێوەیەکی ئۆنلاین زۆفەری کڕین‌و فرۆشتن لەڕێگەی مۆبایلەوە دابنێن لەهەر کات‌و شوێنێکدا بن.

 

 "تایبەتمەندی ئەم بۆرسە ئەلکترۆنیە بەشێوەی ئەپڵیکەیشن لەسەر سیستمی ئاندرۆیدو ئای ئۆئێس بەردەستە و نرخی راستەوخۆی دراوەکان‌و مێژووی گۆڕانی نرخی دراوەکان لەخۆدەگرێت‌و گروپ بۆ هەموو جۆرە دراوێک هەیە کە بەشداربوان دەخوازن مامەڵەی پێوە بکەن، بەپێی خواستی بەشداربووان دەکریت گروپی تایبەت دروستبکرێت بۆ هەر کۆمەڵە بازرگانێک کە دەخوازێت بەجیا مامەڵەی تێدا بکەن".

 

لە سلێمانی لەچەند بازاڕیکدا ئاڵوگۆڕی دراو دەکرێت، کە گرنگترینیان بازاڕی شەوکەتی مەلاو بازاڕی دۆلارەکەیە، کە نزیکەی ٣٠٠ نوسینگەی گۆڕینەوەی دراو لەخۆدەگرن، تا ئێستا زۆربەی ئاڵوگۆڕی دراو بەشێوەی کاش کراوە، ئێستا لەڕێگەی ئەم ئەپلیکەیشنەوە ئاسانکاری بۆ ئەوە دەکرێت کە ئاڵوگۆڕی دراو ببێت بەئەلکترۆنی.

 

دەربارەی چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنکە، میر کاوە دەڵێت "سیستمە ئەلکترۆنیەکە بەشێوەیەکی سادە دروستکراوە، کە هەموو کەسێک توانای بەکارهێنانی هەبێت‌و لەهەمانکاتدا ستافی تەکنیکی خولی بەردەوامی بەکۆمەڵ‌و تاک ئەنجام دەدات‌و لەبازاڕەکەدا ئامادە دەبن بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێک بۆ بەشداری کردن لەسیستمەکەدا".

 

میر ئەوە روندەکاتەوە کە بەشداربوو دەبێت لەبازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەکە کار بکات‌و مۆڵەتی فەرمی هەبێت، هەر لایەنێکی دیکەش خواستی بەشداریکردنی هەبێت دەبێت لەلایەن بازرگانی ئاڵوگۆڕی دراو مۆڵەتی فەرمیان هەبێت‌و بەشدار بن.

 

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سیستمی ئەلکترۆنی IRAQI MONEY EXCHANGE بەهەر سی زمانی کوردی‌و عەرەبی‌و ئینگلیزی کاردەکات، هەر بەشداربویەک هەژماری تایبەت بەخۆی دەبێت، کە تەنها لەسەر یەک مۆبایل کار دەکات‌و بەشداربوو خۆی دەتوانێت گروپی ئەو جۆرە دراوە هەڵبژێرێت دەیەوێت مامەڵەی پێوە بکات، بەشداربوو دەشتوانێت ئۆفەری کڕین یان فرۆشتن دابنیت‌و بەنامەی دەنگی یاخود نوسین لەکاتی قبوڵکردن‌و ڕێکەوتنی هەردوو لایەنی مامەڵە، گریبەستێکی ئەلکترۆنی یاسایی دروست دەبێت لەنێوانیانداو گرێبەستەکان پارێزراون‌و تەنها بەشداربوو خۆی دەتوانێت هەموو زانیارییەک دەربارەی گرێبەستەکانی خۆی ببینێت.

 

 وتیشی "سیستمەکە لەلایەن کەسانی شارەزای تایبەت بەئاڵوگۆڕی دراو لەوڵاتی بەریتانیا دروستکراوەو چاودێری بەردوامی هەیەو بەشێوەیەکی پێشکەوتو پارێزراوە".