ناس کورد-
پارێزگارى هەولێر رایگەیاند، تۆمەتبارانى هێرشکردنە سەر خێزانەکەى هەولێر لە تورکیا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئومێد خۆشناو ئەمڕۆ هەینى بە "ناس کورد" ى راگەیاند، لایەنە ئەمنییەکانى تورکیا دۆسیەى لێکۆڵینەوەیان بۆ ئەو رووداوە کردووەتەوە و سێ هیرشبەریان دەستگیرکردووە.
وتیشى رەوشى بریندارەکانیش باشە و بەدواداچونەکانیان لەبارەى کەیسەکەوە بەردەوام دەبێت.
دوێنێ خێزانێکى گەشتیارى هەولێر لە پارێزگاى مێرسینى تورکیا لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشیان کرایەسەر و دوو کەسیان برینداربوون.
بەپێی گرتەى ڤیدیۆیی رووداوەکە کە لە تویتەر بڵاوکراوەتەوە ئەندامانى ئەو خێزانە دواى هێرشکردنە سەریان دەردەکەون کە باوک و کوڕە ١٢ ساڵانەى کەوتونەتە سەر شەقامەکە و برینداربوون.
بەپێی قسەى محەمەد ئەمین دەمیر رۆژنامەنوسى کورد کە لە تویتەر ڤیدیۆکەى بڵاوکردوەتەوە، ئەو خێزانە دوێنێ پێنج شەممە لەسەر شەقامێکى سەرەکى لەلایەن چوار هاوڵاتى تورکەوە هێرشیان کراوەتە سەر.
ئاماژەى بەوەشکردووە، هۆکارى رووداوەکە ئەوە بووە کە ژمارەى ئۆتۆمبێلەکەیان هەولێر بووە و هێرشبەرەکان دواى ئەوەى لەخێزانەکەیان پرسیوە و بۆیان دەرکەوتووە کوردن هێرشیان کردوونەتە سەر.