ناس کورد-
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ڕەتیدەکاتەوە تاوەکو ئێستا قسە لەسەر لابردن و کەمکردنەوەی لێبڕینی مووچە کرابێت و ئەوەشی وت "دیار نییە ئەم مانگە پشکی هەرێم لە بەغداوە ڕەوانە دەکرێت یاخود نا".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان (12ی ئایاری 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەفەرمی هیچ کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی دارایی نەکراوە لە بارەی لابردن و کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هیچ بڕیارێکی فەرمیش لەو بارەیەوە نییە.
ئەوەشی وت "وادەی دابەشکردنی مووچە بەهەمان شێوەی مانگەکانی پێشوو لە 25ی ئایارەوە دەستپیدەکات".
سەبارەت بەوەی دەوترا بۆ ئەم مانگە پشکی هەرێم لە بەغداوە ڕەوانە دەکرێت و بەوەش لێبڕینی مووچە نامینێت، ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم وتی "بەفەرمی هیچ شتیک لەو بارەیەوە نەوتراوە و دیار نییە بۆ ئەم مانگە حکومەتی فیدراڵی پشکی هەرێم ڕەوانە دەکات یاخود نا".
پێشتر بەهۆی نەناردنی پشکی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و دابەزینی نرخی نەوت و کەمی داهاتی ناوخۆ "بەوتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم" بڕیاری لێبڕینی مووچە درا تاوەکو چارەسەر بوونی دۆخەکەو بەوەش لێبڕینی 21% بۆ فەرمانبەران و 50% بۆ پلە تایبەکان دیاری کراوەو تاوەکو مانگی پێشووش بەردەوامی هەبووە.
ک.م