ناس کورد-
ئەحمەدى نەژادى سەرۆک کۆمارى پێشووى ئێران بە پێچەوانەى فەرمانێکى ڕابەرى باڵاى ئێرانەوە جارێکى تر خۆى بۆ پۆستى سەرۆکایەتى کۆمار کاندید کرد کە بڕیارە پڕۆسەکە لە مانگى حوزەیرانى داهاتوو لەو وڵاتەدا بەڕێوەبچێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێى هەواڵێکى میدیاکانى ئێران (12ى ئایارى 2021)، ئەحمەدى نەژادى کە ئێستا تەمەنى 64 ساڵە هەمان هەنگاوى لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ساڵى 2017 گرتەبەر و داواکەى پێشکەش کرد، بەڵام لەلایەن ئەنجومەنى پاراستنى دەستورى ئێرانیەوە داواکەى ڕەتکرایەوە و داواکەى ئەمجارەشى چارەنوسێکى جیاوازترى لەوەى پێشووى نابێت.
دواى پێشکەشکردنى داواکارییەکەشى بە وەزارەتى ناوخۆى وڵاتەکەى، ئەحمەدى نەژاد بە ڕۆژنامەنووسانى ڕاگەیاندووە، ئەگەر بێتو ڕەزامەندى لەسەر داواکارییەکەى نەدرێت ئەوا بەرهەڵستکارى هەڵبژاردنەکە دەکات و بەشدارى تێدا ناکات ئەوەش بەبایکۆت یاخود پاڵپشتیکردنى کاندیدێکى تر.
نەژاد باسى لەوەش کردووە، ملیۆنەها کەس پشتیوانى کاندیدبوونى بۆ هەڵبژاردنەکە دەکەن و تەنانەت داواشیان لێکردووە بچێتە ئەوێ و خۆى تۆمار بکات و بەوەش ئەرکێکى قورسیان خستووەتە ئەستۆى.
سەرۆک کۆمارى پێشووى ئێران جەختى لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە زۆرینەى ئێرانیەکان متمانەیان بەبەرپرسانى وڵاتەکەیان نەماوە و هەڵبژاردنى داهاتووش کۆتا دەرفەتە بۆ ئەوەى ئێران لەئاڵنگارییە ناوخۆى و دەرەکییەکان دەربکرێت.
ویلاتەکەى ئەحمەدى نەژادى سەرۆک کۆمارى پێشووى ئێران، لەساڵى 2005 ەوە دەستپێ دەکات تاوەکو 2013 کە بەدواى ئەودا حەسەن ڕۆحانى هەڵدەبژێردرێتەوە و خولەکەى ئەو کۆتایى دێت، بەپێى فەرمانێکەى ڕابەرى باڵاى ئێرانیش کاندیدى سەرۆک کۆمار بۆ دووخولە.
کاتێک ساڵى 2009 دووبارە بۆ سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرایەوە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانى بەفراوان لەئێراندا دەستى پێکرد بەو پێەى بەرەى ئۆپۆزسیۆنى ئەو وڵاتە هەڵبژاردنەکەى بەساختەکارى وەسفکرد و دەسەڵاتدارانیش ئێران بەزەبرى هێزى سەربازى کۆتاییان بەناڕەزایەتیەکان هێنا.