گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سێ ڕەمزى دیار

بۆچى قودس ڕەمزێکى گەورەى ئاینە ئاسمانییەکانە؟

2021.05.12 - 12:41
App store icon Play store icon Play store icon
بۆچى قودس ڕەمزێکى گەورەى ئاینە ئاسمانییەکانە؟

ناس کورد-

لەگەڵ هەڵکشانى شەڕ و گرژییەکان لە قودس، گفتوگۆکان لەبارەى پیرۆزیی ئەو شارەوە لەلایەن پەیڕەوکەرانى ئاینەکانى ئیسلام و یەهودى و مەسیحى هاتووەتە بەر باس، بەڵام بۆچى ئەو شارە رەمزێکى گەورەیە لەلاى سەرجەم ئاینە ئاسمانییەکان؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو شارە لەمێژوودا بە شارى ئیلیاء و ئۆرشەلیم و قوردس ناوبراوە و گێڕانەوە ئاسمانییەکان لەبارەیەوە مۆکێکى پیرۆزیی بەسەردا بڕیوە.

 

کتێب و دەقە ئاینییەکان ئەو شارەیان بەچەندین رووداوى مێژوییەوە گرێداوە کە لەسەر خاکەکەى روویانداوە، هەر لە خاچى مەسیحەوە بۆ شەوى ئیسرا و میعراج.

 

زۆرێک لەو رووداوانەى کە پەیوەستن بە رۆژى دواییەوە بەپێی گێڕانەوە ئاینییەکان لەدەورى ئەو شارە دەخولێنەوە، جگە لەوە سێ دیاترین شوێنى گرنگى ئاینى و مێژویی ئەو شارەیان کردووەتە رەمزێکى دیار لەلای ئاینەکان کە ئەمانەن:

 

مزگەوتى ئەقسا
حەرەمى پیرۆز یان بەیتولمەقدیس یەکێک لە گەورەترین مزگەوتەکانە لە جیهاندا، یەکەم قیبلە بووە لەلاى موسڵمانان، کە لە قورئانى پیرۆزدا باسى لێوەکراوە.

المسجد الأقصى

مێژوونوسان گێڕانەوەى جیاجیان هەیە لەبارەى مێژوى دروستکردنی مزگەوتەکەوە، بەڵام بەپێی چەندین فەرمودەى پێغەمبەرى ئسلام (د.خ) کۆنترین و پیرۆزترین شوێنە لەلاى موسڵمانان لەدواى کەعبەى پیرۆز.

 

مێژوونوسان دەڵێن خەلیفە عومەرى کوڕى خەتاب ئەو کەسە بووە کە فەرمانی کردووە بە دروستکردنى شوێنى نوێژکردن لەسەر قوبەتسەخرە کە بەشێکە لە مزگەوتەکە، ئەوەش کاتێک لەسەرەتاى فەتحى ئیسلامیدا گەیشتووەتە قودس.

 

ئەو مزگەوتە لە سەردەمەکانى پێشوودا رووبەڕووى تێکدان بووەتەوە و چەند جارێک دوبارە نۆژەنکراوەتەوە، خاچپەرستەکان ساڵانێک دەستیان بەسەریدا گرتووە و دواتر سەڵاحەدینى ئەیوبى گەڕاندییەوە ژێر دەستى موسڵمانان و نۆژەنیکردەوە.

 

بەپێی ئاینى ئیسلام پێغەمبەر (د.خ) لەسەر پشتى ئەسپى بوراق ئەسپى تایبەتى جوبرائیل لەشەوى ئیسراومیعراجدا لە مزگەوتى حەرام و مەککەوە بەرەو قودس لە فەڵەستین شەوڕەوى کردووە.

 

کڵێساى قیامە

ئەو کڵێسایە لەسەر چیاى جەلجەلە بنیاتنراوە، بە بڕواى ئینجلییەکان لەوێ مەسیح لە خاچ دراوە.

كنيسة القيامة

کڵێساکە شوێنێک لە خۆ دەگرێت کە بەمەزارى مەسیح ناودەبرێت، نوێنەرانى چەندین مەزهەبی جیاجیاى مەسیحى سەرپەرشتى دەکەن.

 

کڵێساکە کە لەسەردەمى بیزەنتییەکان دروستکراوە ساڵانە دەبێتە شوێنى ملیۆنان مەسیحى کە وەک شوێنێکى پیرۆز سەیرى دەکەن. بەهۆى شەڕ و جەنگەکانەوە زیانى زۆرى بەرکەتووە چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە.

 

دیواى مەبکى یان بوراق
دیوارەکە بە دوایین پاشماوەى هەیکەلى سولەیمان دادەنرێت بەپێی بیروڕاى جولەکەکان، لە نزیک ئەو شوێنەوە جولەکەکان مەراسیمى گریان و پرسە دەگێڕن.

الحائط الغربي

پیاوانى ئاینى جولەکە پێیان وایە ئەو پەیکەرە شوێنێکى پیرۆزە و ملیۆنان جولەکە سەردانى دەکەن بۆ نوێژکردن و پاڕانەوە. لەگەڵ بوونى بیڕوڕاى جیاواز لەناو پیاوانى ئاینى لەبارەى دروستى نوێژ لەو شوێنە.

 

دیوارەکە لەلاى موسڵمانانیش شوێنێکى پیرۆزە و پێى دەڵێن دیوارى بوراق و پێیان وایە لەوێ پێغەمبەر (د.خ) لەشەوڕەویدا چووەتە سەر ئەسپەکەى جوبرائیل.