ناس کورد-
بەنداوى دوکان پلانیداناوە بە کەمکردنەوەى ئاستى بەردانەوەى ئاو بۆ نیوە روبەڕووى دابەزینى بەرچاوى ئاستى ئاو ببێتەوە بەهۆى کەمى باران بارین و وشکەساڵییەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کۆچەر جەمال بەڕێوەبەرى بەنداوى دوکان ئەمڕۆ چوارشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، لە ئێستادا بەنداوەکە 3.26 ملیار مەتر سێجا ئاوى تێدایە و 496.41 مەتر لەئاستى رووى دەریاوە بەرزە.
وتیشى ئاستى ئاو لە بیڵ ماوسەکەوە 14 مەتر و نیو کەمترە و پلانێکى تایبەتیان داناوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بڕە ئاوەى لەبەنداوەکەدایە.
کۆچەر جەمال باسى لەوەشکرد، بەپێی پلانەکە تا شەش مانگى رابردوو بەگشتى ئاستى بەردانەوەى ئاو لەنێوان 70 -100 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا دەبێت، کە نیوەى بڕى بەردانەوەى ئاوە لەساڵى رابردوودا.
دەشڵێت، ئەمساڵ هەرچۆنێک بووە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئاوەدا دەکەن، بەڵام ترسی ئەوان ئەوەیە کە ساڵى داهاتووش وشکەساڵى بەردەوام بێت.
بەنداوی دوکان کە لەسەر ڕووباری زێی بچوک و لە پارێزگای سلێمانی دروستکراوە، توانای گلدانەوەی نزیکەى حەوت ملیار مەتر سێ جا ئاوی هەیە، بەڵام ئێستا کەمتر لە نیوەى ئەو بڕەى تێدایە.
بەنداوی دوکان کە لەنێوان ساڵانی 1954 -1959 دروستکراوە، درێژییەکەی 260 مەترە و بەرزییەکەى لە ئاستی ڕووی دەریاوە 516 مەترە.