گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

گۆڕان باس لە ’’دەرفەتێک’’ دەکات بۆ ڕاستکردنەوەى هەڵەى سزادراوانى بادینان

2021.05.11 - 17:41
App store icon Play store icon Play store icon
گۆڕان باس لە ’’دەرفەتێک’’ دەکات بۆ ڕاستکردنەوەى هەڵەى سزادراوانى بادینان

ناس کورد-

ڕێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەى گۆڕان پێى وایە هێشتا هیوایەک ماوە هەڵەکان ڕاست بکرێنەوە و سزاى زیندانیکراوانى بادینان هەڵبوەشێندرێنەوە، پێشى وایە کە لێبوردنی تایبەتی سەرۆكایەتی هەرێم چارەسەری ڕیشەیی نییە بۆ سزادراوان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

چۆمان محەمەد عەلی، ڕێكخەری ژوری یاسایی و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی (11ى ئایارى 2021) لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە پەسەندکردنى سزاى زیندانیانى بادینان ئاماژەى بەوەداوە، تادێت کاردانەوە و فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کەیسى سزادراوانى بادینان فراوانتر دەبێت، رۆژانى رابردوو ئەمریکا و ئەڵمانیا وكەنەدا و فەرەنسا و نوێنەرایەتى یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ عێراق داوایان لە حکومەتى هەرێم کرد دادگایی كردنێكی دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ سزادراوانی بادینان به‌ڕێوه‌ ببات و ئازادیی ڕاده‌ربڕین و رۆژنامه‌وانی به‌رجه‌سته‌ بكات.

 

ڕونیشیکردووەتەوە، هەروەک رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتیش لە نوێترین کاردانەوەیدا داوای ئازادکردنی بەپەلەى سزادراوانى بادینان دەکات، ئەم كاردانەوانەش پێشبینیمان كردبوو لە چەندین ڕونکردنەوە و بەیاننامە و لێدواندا باسی ئەوەمان كردبوو ئەم كەیسە بۆ ناو و ناوبانگ و پێگەی هەرێم گاریگەری خراپی دەبێت.

 

پێشى وایە، بێگومان ئەمە بۆتە خاڵێكی ناشرین بۆ مێژوو و ئەزمونی حكومرانی ئەم هەرێمە، سەرباری فشارە ناوخۆییەكان بە سەرجەم حزب و ڕێكخراو و چین و توێژەكان و بێ هیوای و بێ متمانەی هاوڵاتی بەدادگا، هەروەها ڕووی راستەقینە و دۆخی دەسەڵاتی دادوەری هەڵماڵی بەوەی لە چ قۆناغێكی دادوەری خراپ و دەستوەردان و بێ متانەی و نا سەربەخۆییدان.

 

ڕێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەى گۆڕان لەبەشێکى ترى بەیاننامەکەدا دەڵێت، لەئێستادا دروسترین رێگە بۆ ئاوەژوكردنەوە و نەهێشتنی ئەو فشارە نێودەوڵەتیە بۆ ئەم كەیسە، بریتیە لەوەی خودی دەسەڵاتی دادوەری لەكاتی تانەدان بەڕێگەی ڕاستكردنەوەی بڕیاری پێداچونەوە، بڕیاربدات بەهەڵوەشانەوەی سزای ئەم سزادراوانە، كە ئەمە دەبێتە دەروازەیەك بۆ گێرانەوەی متمانەی هاوڵاتی بۆ دادگاو ڕۆڵی دەبێت بۆ داهاتوو و حزب بەویست وخواستی خۆی نەتوانی بەبێ بونی كرداری تاوانکاری سزای خەڵك بدات.

 

جەختیلەوەشکردووەتەوە، سەرباری ئەوە كاریگەری دەبێت لە نەهێشتنی ئەو وێنە ناشرینەی كە لە دنیای دەرەوە بۆ هەرێمی كورستان كێشراوە، بەهۆی ئەم بریارەوە، هەرچەندە بۆ ئەو ئازادی و دیموكراسی و سەربەخۆیە هەزاران قوربانیمان بۆ داوە، ئەم كەیسە لە ئاڕاستەو مەساری یاسایی دەرچوە، زۆر ڕەهەندی وەرگرتوە پەیوەست بە هەرێمی كوردستان، تیپەڕاندن و مكوڕكردن و بەردەوامیدان لەسەر سزادانیان زیانی بە پێگەو هاوكاری و مامەڵەو ڕەفتاری ئەو وڵاتانە دەبێت، بێ باجدان و قوربانیدان ناشكێتەوە.

 

چۆمان محەمەد دەشڵێت، چونکە بریارەكە بە چەشنێكە كونسوڵی ئەو وڵات و ڕێكخراوانەی كردۆتە بەشێك لە مەترسی و هەڕەشە بۆ ئاسایشی هەرێم، مەترسییەكانی بڕیارەكە لە داهاتودا تاك بەتاك و حزبەكانی تری هەرێمی كوردستانە، ئیمە پێیمان وایە لێبوردنی تایبەت لەلایەنی سەرۆكایەتی هەرێم كاتێك دەبێت كە بریارەكە پلەی كۆتایی وەربگرتبێت، كە خودی لێبوردنی تایبەتی سەرۆكایەتی هەرێم چارەسەری ڕیشەیی نییە بۆ سزادراوان، هەرچەندە سزادروان ئازاد دەكرێن بەڵام بڕیاری ئیدانەكردنیان دەمێنێتەوە، ئەم كردارە ئاسایی و گفتوگۆیانەی نێو فەیسبوك دەبێتە تاوانێكی مەترسیدار، لەداهاتودا كێیان بوێت بەم مادەیە راپێچی دەكەن بۆبەردەم دادگا.