ناس کورد-
دوو پەرلەمانتارى یەکێتى لە پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنن، پەسەندکردنى بڕیارى سزادانى سزادراوانى بادینان بەزۆرینەى دەنگ بووەو دوو دادوەرەکەى یەکێتى لە دادگاى تەمیز دەنگیان پێنەداوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هەریەکە لە سەرکۆ ئازاد و هاوڕێ مەلا ستار لەراگەیەنراوێکى هاوبەشدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەیان بەوەکردووە، ههر بڕیارێك له دادگا لهلایهن دهستهیهك دادوهرهوه بدرێت ئهوا له كۆتایی بڕیارهكهدا دهنووسرێت كه بڕیارهكه به كۆی دهنگ بووه، یان به زۆرینه بووه.
دەشڵێن "له كهیسی سزادراوهكانی بادینان به روونی نووسراوه كه بڕیارهكه به زۆرینه بووه، واته سێ دادوهرهكهی پارتی دهنگیان پێ داوه نهك ههر پێنج دادوهرهكه، ئەگەر دوو دادوهرهكهی یهكێتیش دنگیان پێبدایه به سزادانهكه، لە نووسراوهكهی دادگا دهنووسرا به كۆی دهنگ".
ئەوە لەکاتێکدایە شەوى رابردوو پارێزەرێکى راوێژکار لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزۆنیدا رایگەیاند، دادوەرەکانى یەکێتیش لە دادگاى تەمیز واژۆیان لەسەر سزاى سزادراوانى بادینان کردووە کە کاردانەوەى زۆرى لێکەوتووەتەوە.
دادگاى تەمیزى هەرێم رۆژى شەشى ئایارى 2021 بڕیارى سزادانى ڕۆژنامەنووس و چالاکوانەکانى بادینانى پەسەند کرد و حەوت تۆمەتى لەسەریان بەفەرمی جێگیركرد لەقۆناغی كۆتایی حكومەكەدا.
بڕیارەکە لەلایەن دەستەى قەزایی دادگاکەوە بەسێ دەنگ بەرانبەر دوو دەنگى دژ پەسەندکرا، بەڵام پارێزەرانى دۆسیەکە دەڵێن هێشتا ڕێگەیەک ماوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى سزاکە.
بەشدار حەسەن یەکێک لە پارێزەرانى دۆسیەکە رۆژى پێنج شەممە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند "ئەگەر دوو ئەندامى دادگاى تەمیز کە چەندین ساڵ ئەزمونیان هەیە قەناعەتیان بەو بڕیارە نەبێت، چۆن قەناعەت بە راى گشتى و کەسوکارى سزاداراوان دەکرێت لەو بارەیەوە".
وتیشى "تاکە رێگەیەک کە مابێت پەناى بۆ ببەین، راستکردنەوەى بڕیارى تەمیزە کە لەماوەى سێ رۆژدا دەبێت و دەکرێت لەلایەن داواکارى گشتى، خودى سزادراوان و پارێزەرانەوە داواى پێداچونەوە بکرێت، ئەوەش رێوشوێنێکى یاساییە".
بەشدار حەسەن دەڵێت، بۆ ئەو هەنگاوەیان پشت بەدوو "هەڵە"ى کەیسەکە دەبەستن، یەکەم ناکرێت لەهۆڵى دادگا ئاسایش خۆى حەکەم و لایەنێکى دۆسیەکەش بێت، دووەم لەکاتى ئیفادە وەرگرتن سزادراوەکان پارێزەریان لەگەڵ نەبووە و لەژێر هەڕەشەدا دانپێدانیان پێ واژۆکراوە.
باسى لەوەشکرد، ئەگەر ئەو رێگەیەش سودى نەبوو، سەرۆکى هەرێم دەتوانێت لێبوردنى تایبەت بۆ سزادراوان دەربکات.
دادگاى تاوانەکانى دووى هەولێر 16 ى شوباتى 2021 بڕیاریدا هەریەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم بە شەش ساڵ زیندانى سزا بدرێن، بەتۆمەتى سیخوڕى و مەترسی بۆ سەر ئاسایشى هەرێم و بڕیارەکەش کاردانەوەى زۆرى نێوخۆیى و دەرەکى لێکەوتەوە.
بەڵقیس والى نوێنەرى ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ لەعێراق (5ى ئایارى 2021) بە ئاژانسى فرانس پرێسى راگەیاند "هەست بەنیگەرانى سزادانى دەستگرکراوانى بایدینان دەکەین بەهۆى ویستێکى سیاسى و ئاڕاستەکانى دادگاى پێداچوونەوە کە پێوەرەکانى دادگایەکى دادپەروەرانەى پشتگوێ خست".
ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، ئەو ئەنجامە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە تاچەندە دەسەڵاتدارانى هەرێم ئازادیی ڕادەربڕین پێشێل دەکەن.