گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کوژرانى قاسم سولەیمانى

نازم دەباغ: تا ئێستا ئێران لەبارەى راپۆرتەکەوە داواى رونکردنەوەى نەکردووە

2021.05.11 - 09:15
App store icon Play store icon Play store icon
نازم دەباغ: تا ئێستا ئێران لەبارەى راپۆرتەکەوە داواى رونکردنەوەى نەکردووە

ناس کورد-

 

نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئێران رایگەیاند، تا ئێستا کۆمارى ئیسلامى ئێران لەبارەى راپۆرتى تایبەت بە "هەماهەنگى دژە تیرۆر و ئەمریکا" بۆ کوشتنى قاسم سولەیمانى داواى رونکردنەوەى لێنەکردوون و ئەو وڵاتە متمانە بەراپۆرتى لەو شێوەیە ناکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نازم دەباغ لە لێدوانێکى تەلەفزیۆنیدا بۆ میدیاى یەکێتى کە "ناس کورد" بینیویەتى وتى "تا ئەم ساتە هیچ بەرپرس و ئۆرگانێکى ئێرانى لەو بارەیەوە پرسیاریان نەکردووە و داواى رونکردنەوەیان لێنەکردووین، لەجیاتى ئەوە میدیاى ئێران رونکردنەوەى دژە تیرۆیان بڵاوکردووەتەوە".

 

وتیشى "پێشتر بۆ مستەفا کازمیش هەمان قسەکرا بەڵام دواتر کازمى سەردانى تارانى کرد و لەلایەن خامنەییەوە پێشوازى لێکرا، ئەوەش وەڵامدانەوەیەکى ئەو لایەنانە بوو کە پڕوپاگەندەى لەو شێوەیەیان بڵاوکردەوە".

 

نازم دەباغ دەڵێت "دواى زیاتر لە ساڵێک دەزگاى هەواڵگرى ئێران کە خاوەن توانایەکى زۆرە ئەگەر تا ئێستا نەیتوانیبێت ئەوە ئاشکرا بکات کە کێ بەشدار بووە لەو رووداوە، تازە متمانە بەراپۆرتێک ناکات لەبارەى ئەوەى ئەفسەرێکى دژە تیرۆرى کورد ئەو هەموو توانایەى هەبووبێت کە لەو رووداوەدا هاوکاریی ئەمریکییەکان بکات".

 

دەشڵێت "بەبڕواى من ئەم کارە لەگەورەیی تیرۆرکردنى تیرۆرکردنى سولەیمانى کەمدەکاتەوە لەجیاتى ئەوەى تواناى هەواڵگرى ئەمریکى نیشان بدات".

 

لەچەند رۆژى رابردوودا ڕاپۆرتێک لەماڵپەڕى یاهو نیوزى ئەمەریکى لەسەر کوشتنى قاسم سولەیمانى بڵاوکرایەوە کە تێیدا باس لە هەماهەنگى دژە تیرۆرى یەکێتى دەکات لەگەڵ ئەمریکییەکان لەو رووداوەدا، ئەوەش کاردانەوەى جیاجیاى بەدواى خۆێدا هێناوە و تا ئێستاش بەردەوامە.

 

هەر لەدوای ڕاپۆرتەکە هەردوو دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی و پارتی ڕوونکردنەوەیان بڵاوکردەوە و بێبەری بوونی خۆیان لە ڕووداوەکە ڕاگەیاند.

 

لاى خۆیەوە، سەعید خەتیب زادە، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران (دووشەممە 10ى ئایارى 2021) ڕایگەیاند "ئەو ڕاپۆرتانە لای ئێمە شاراوە نیین، بۆچوونی هەر ئەوەیە کە ڕامانگەیاندووە و تەواوى ئەو کەسانەى کە بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و لەهەر وڵاتێکەوە لەو تیرۆرەدا بەشداربووبێتن ئەوا کارێکى نامەردانەیان کردووە بەرپرسیارێتى ئەو کارەش هەڵدەگرن."   

  

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، "هەروەها بەشێوازى جیاجیا ئەوانە بەسزا دەگەیەنرێن و ئەوەش لە کارنامەماندایە."