گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زۆرتر

لێدوانێکى جیاواز لە وەبەرهێنانى سلێمانییەوە لەبارەى کێشەى قیستى یەکەکانى نیشتەجێبوون

2021.05.10 - 20:06
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانێکى جیاواز لە وەبەرهێنانى سلێمانییەوە لەبارەى کێشەى قیستى یەکەکانى نیشتەجێبوون

ناس کورد-

بەڕێوەبەرى وەبەرهێنانى سلێمانى ڕایگەیاند، ناتوانن کۆمپانیاکان ناچار بکەن بەوەى قیستى یەکەکانى نیشتەجێبوون درێژبکەنەوە یاخود دۆلار بە نرخێکى کەمتر وەربگرن، بەڵام هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەسەر بنەماى گشتاندنێکى دەستەى وەبەرهێنان، بەڕێوەبەرایەتییەکانى وەبەرهێنان لەم مانگەدا کۆمپانیاکانیان ئاگاردارکردەوە کە کێشەى قیستى یەکەکانى نیشتەجێبوون دواى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار چارەسەر بکەن، بەڵام بەشێک لە کۆمپانیاکان پابەندنەبوون بە بڕیارەکەوە.

 

عەزیز سەعید، بەڕێوەبەرى وەبەرهێنانى سلێمانى ئەمڕۆ دووشەممە (10ی ئایاری 2021) لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، کۆمپانیاکانیان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام بەپێی یاسا ناتوانن ڕێکار بەرانبەریان بگرنەبەر، چونکە کۆمپانیاکانیش دەڵێن حکومەت لە بانکەکان بە نرخى نوێی دۆلار مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.

 

زیاتر بخوێنەوە: حکومەتى هەرێم شێوازى دانەوەى قیستى یەکەکانى نیشتەجێبوونى یەکلایى کردەوە

 

وتیشى "نزیکەى 10 کۆمپانیا بە سێ ڕێگەى جیا کێشەکەیان چارەسەر کردووە، هەندێکیان دۆلاریان بە 125 هەزار یان 130 هەزار شکاندووەتەوە، هەندێکى تریان قیستەکانیان درێژکردووەتەوە".

 

عەزیز سەعید باسى لەوەشکرد، جارێکى تر نوسراو ئاڕاستەى ئەو کۆمپانیایانە دەکەنەوە کە پابەندنەبوون، بەڵام ناتوانن ناچاریان بکەن لەو بارەیەوە، چونکە ئەوانیش پاساوى خۆیان هەیە.

 

کێشەى قیستى یەکەکانى نیشتەجێ بوون لەچەند مانگى رابردوودا سەریهەڵدا، دواى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار بەرانبەر دینار، کە بەشێک لە دانیشتوانى پڕۆژەکانى نیشتەجێبوونى روبەڕووى گرفت کردەوە، بەهۆى پێدانى قیستەکانیان بە دۆلار بە کۆمپانیاکان.

 

هەفتەى رابردوو محەمەد شوکرى، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، گشتاندنێکیان ئامادەکردووە و ئاڕاستەى بەڕێوەبەرایەتییەکانى وەبەرهێنانى دەکەن لە پارێزگاکان بۆ چارەسەرى کێشەى قیستى یەکەکانى نیشتەجێبوون، دواى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار.

 

ڕونیشیکردەوە، لە گشتاندنەکەدا دوو بژاردە دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى یەکێکیان، کە بریتین لەوەى قیستەکان درێژبکرێتەوە بەوەى نرخى دۆلار وەکو پێشوو هەژمار بکرێت و ئەو بڕەى ئێستا بۆ نرخەکە زیاد بووە بخرێتە کۆتایی و بەقیست وەربگیرێت.

 

محەمەد شوکرى باسى لەوەشکرد، بژاردەى دووەم ئەوەیە 100 دۆلار بە نرخى 120بۆ 130 هەزار دینار دیاری بکرێت.