گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنامەی جەزائیر ئامانجی سەردانەکەی ڕووحانییە بۆ عێراق

2019.03.09 - 20:02
 زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنامەی جەزائیر  ئامانجی سەردانەکەی ڕووحانییە بۆ عێراق

ناس کورد

 

زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنامەی جەزائیر ئامانجی سەردانەکەی چەند ڕۆژی داهاتووی سەرۆک کۆماری ئێرانە بۆ عێراق کە تێیدا بڕیارە لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان کۆببێتەوە.

 

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرۆک کۆماری ئێران بەسەردانێکی فەرمی بگاتە عێراق و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە، لە نێوانیاندا سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و مەرجەعیەتی باڵای شیعەکان.

ئاژانسی تەسنیم-ی ئێرانی لە زاری ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بڵاویکردوەتەوە کە سەردانەکەی حەسەن رۆحانی بۆ عێراق سێ ڕۆژ دەخایەنێت، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە لە جانتاکەی سەرۆک کۆماردا چەند پرسێک هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا تاوتوێی بکات لەوانە؛ پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەکان، پرسی شارە پیشەسازییەکان و پرسی گومرگ و تەندروستی.

 

لەبارەی ڕێککەوتنامەی جەزائیری ساڵی 1975ی نێوان هەردوو دەوڵەتەکە، مەسجدی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە پرسی جێبەجیکردنی ئەو ڕێککەوتنامەیە پێویستی بە چەند رێکارێکی نوێ هەیە، وتیشی: "پێویستە کاربکەین بۆ دەرهێنانی کەشتییە نوقمبووەکانی ناو 'شەتولعەرەب' هەروەها زیندووکردنەوە و بەرەوپێشبردنی بەندەرەکانی خرومشەهر و عەبادان و بەسرە."