ناس کورد-
سەرۆک وەزیرانى عێڕاق ڕایگەیاند، تاوانباران مایەپووچ بوون لە دروستکردنى ئاژاوە و ئێستا پەنایان بۆ بەئامانجگرتنى چالاکوانەکان بردووە، بەڵام وەک کەسانى تر دەکەونە دەست دادگا و دەرباز نابن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق (9ى ئایارى 2021) لە دانیشتنى ئاسایى ئەنجومەنى وەزیراندا ئاماژەى بەوەدا، دەزگاکانى سەربە وەزارەتى ناوخۆ ڕادەسپێرین کە بەخێرایى بکوژانى چالاکوانى مەدەنى "ئیهاب وەزەنى" بدۆزنەوە.
باسى لەوەشکرد، بکوژى چالاکوانان کەسانێکیان لە پشتە کە وادەزانن لە دەستى دادپەروەرى ڕزگاریان دەبێت، ڕاوەدویان دەنێین و تۆڵە لە سەرجەم ئەو تاوانبارانە دەکەینەوە کە یارى بە ئاسایشى گشتى دەکەن.
سەرۆک وەزیرانى عێراق لەو بڕوایەدایە، تاوانباران مایەپوچ بوون لە دروستکردنى ئاژاوە و ئێستا پەنایان بۆ بەئامانجگرتنى چالاکوانان بردووە، بەڵام یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکات هەروەک چۆن پێشتر کەسانى تر کەوتنە دەست دادگا.
مستەفا کازمى هەر لە کۆبونەوەکەدا ڕونیشکردەوە، جەختلەوە دەکەنەوە کە پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان ئەوپەڕى هەوڵى خۆیان بخەنەگەڕ لەپێناو خزمەتکردنى هاوڵاتیان بەتایبەتى لە بوارى کارەبادا، هەروەها ئەمیندارێتى گشتى ئەنجومەنى وەزیران و پارێزگارەکان ڕاسپێردراون کە سەرجەم ڕێوشوێنەکان بگرنەبەر تا ئاگرى کێڵگە کشتوکاڵیەکان دووبارە نەبنەوە وەک ساڵانى پێشوو.