ناس کورد-
وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاند، ئەگەر دۆخی تەندروستی ڕێگەبدات، پلانیان هەیە بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، دەشڵێت، گفتوگۆی جدییان کردووە دەربارەی ئەوەی کە چۆن بتوانن ساڵی داهاتوو قەرەبووی خوێندنی لەدەستچووە بکەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (یەکشەممە 9ی ئایاری 2021) ڕایگەیاند، " ئەگەر کۆرۆنا رێگە بدات ئەوە دەرگای قوتابخانەکان دەکەنەوە وخوێندنی ئەمساڵ لە ناو پۆلدا تەواودەکەن."
باسی لەوەشکرد، "لەو بڕوایەدام یەکەم رۆژی وەرزی هاوین کۆتا رۆژی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بێت، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها تاقیکردنەوەکانە لە پۆلی 1ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی".
ئاماژەی بەوەشکرد، " بۆ ساڵی داهاتووش گفتوگۆیەکی جدیمان کردووە، کە چۆن بتوانین قەرەبووی خوێندنی لەدەستچوو بکەینەوە."
وەزیری پەروەردەی هەرێم باسی لەوەشکرد، "لە 17ی نیسانەوە خوێندنی ئەلیکترۆنیمان دەستپێکردووەتەوە و یونسکۆ و یونسێف هاوکاریان کردووین لە گەشەپێدانی خوێندنی ئەلیکترۆنی."
ئاسۆحەوێزی، وتەبێژەی وەزارەتی تەندروستیی هەریم (یەکشەممە 9ی ئایاری 2021) لە لێدوانێکیدا بۆ"ناس کورد" ڕایگەیاند، " ئەوەی بریار لەسەرکردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان دەدات لیژنەی باڵای روبەروبوونەوەی کۆرۆنایە، نەک وەزارەتی تەندروستی، لیژنەکەش پێدەچێت دوای جەژن لەوبارەیەوە کۆببێتەوە".
سەبارەت بە بۆچوونی وەزارەتی تەندروستیی لەسەر کردنەوە دەرگای قوتابخانەکان، باسی لەوەکرد، " بەراورد بە ئامارەکانی چەند رۆژی پێشوو ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە کەمیکردووە، بەڵام هێشتا هەرێم لە ناو مەترسییەکانی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەکەدایە، هەرچەندە ئامارەکان بەڕێژەیەک کەمیان کردووە، بەڵام دڵخوشکەرنیین، بۆیە دەبێت هاووڵاتیان زیاتر پابەندنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بن لە پەتاکە".
لەماوەی ڕابردوودا، وەزارەتی پەروەردە بابەتەکانی خوێندنی کەمکردەوە، ئەوەش بەمەستی ئەوەی بتوانرێت ئەو وانانە تەواو بکرێت و تاقیکردنەوەیان تێدا ئەنجام بدەن.