گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

وەزارەتی کارەبا: پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان زیاد دەکەین

2021.05.08 - 20:31
App store icon Play store icon Play store icon
وەزارەتی کارەبا: پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان زیاد دەکەین

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەڕێمی کوردستان دەڵێت، ڕەوشی کارەبا لەوەرزی هاوینی ئەمساڵدا باشتر دەبێت بەراورد بەهاوینی ساڵی پار، دەشڵێت، لەمانگی ڕەمەزاندا زیاتر لە 22 کاتژمێر کارەبایان بەهاووڵاتیان داوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئومید ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم (شەممە 8ی ئایاری 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، "ڕێژەی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان لە ڕۆژدا جیاوزترە بەراورد بەشەو، بۆیە بەشەوان و بەتایبەتی لەئێستادا و لەم وەرزەدا حەوت کاتژمێر زیاترە لەڕۆژ، خواستی هاوڵواتیان لەسەر تەزووی کارەبا لەڕۆژدا زیاترە بەراورد  بە شەو".

 

وتیشی، " بەگوێرەی ئەو داتا و ئامارانەی کە لامانە و لە هەمانکاتدا پاڵپشتن بەدۆخی تەکنیکی و داراییەوە، دڵنیاین لەوەی کە ڕەوشی کارەبا لەوەرزی هاوێنی ئەمساڵدا زۆرباشتر دەبێت لە هاوینی ساڵی پار و کاتەکانی پێدانی کارەبا زیاتر دەبێت".

 

ئۆمید ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، " بەپێی ئەو پلانەی کەدانرابوو بۆ مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ بڕیاربوو 17 کاتژمێر کارەبا بدرێت بە هاووڵاتیان، بەڵام ئێمە توانیومانە لەم مانگەدا زیاتر 22 کاتژمێر کارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بکەین". 

 

لەبارەی فرۆشتنی کارەبا بەحکومەتی عێراق، وتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا وتی، "ئەو بڕە کارەبایەی کە لە ئێستادا دەدەرێت بە چەند پارێزگایەکی عێراق بەهیچ شێوەیەک کاریگەری نەکردووەتە سەر دۆخی کارەبای هەرێم، عێراق بەرامبەر بەوەی کارەبای پێ بدرێت سوتەمەنی دابین دەکات بۆ ئەو یەکە لەکارکەوتووانەی کەبەهۆی ئەو گرفتەوە لەکار ڕاوەستاون".

 

وتیشی ،"یەکەکان سەربە هەردوو کۆمپانیاکانی کار و قەیوانن، پێشتر بەهۆی نەبوونی سوتەمەنییەوە لەکارکەوتبوون، لەئێستادا ئەو یەکانە کارەبا هەناردەی پارێزگاکانیی موسل، کەرکوک و سەلاحەدین دەکەن و بڕەکەشی نزیکەی 250 مێگاواتە".