گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

وادەى زیادکردنی دۆشاو و پاقلەمەنییەکان بۆ بەشەخۆراک ئاشکرا کرد

2021.05.08 - 13:00
App store icon Play store icon Play store icon
وادەى زیادکردنی دۆشاو و پاقلەمەنییەکان بۆ بەشەخۆراک ئاشکرا کرد

ناس کورد-

وەزارەتى بازرگانى عێڕاق ڕایگەیاند، ڕاستەوخۆ دەستدەکرێت بە جێبەجێکردنى بڕیارێکى ئەنجومەنى وەزیران بۆ دابینکردنى دوو مادە لە بەشە خۆراکى مانگانە ئەوانەش ئاو تەماتە و نیسک و نۆکن بەسەر هاوڵاتیاندا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەمیانەى لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراق، عەلا جبورى، وەزیرى بازرگانیی عێراق (8ى ئایارى 2021) ڕایگەیاند، سبەینێ وەزارەت دەست دەکات بە گرتنەبەرى ڕێوشوێنە یاسایى و هونەرییەکان بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکە لەماوەیەکى زۆر کەمدا و پرسەکەش پەیوەندییان بەکۆمەڵێک ڕێکارى کارگێڕییەوە هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەى ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەکى تایبەتمەند وەکو لەپڕۆژە بودجەکەدا لەبارەى دابینکردنى بەشە خۆراکى مانگانەوە بڕیارى لەسەرداوە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، ئەنجومەنى وەزیران پاڵپشتى بەشە خۆراکى مانگانەى هاوڵاتیان دەکات وهەردوو مادەکانى ئاو تەماتە ونیسک و نۆک یاخود نۆک و فاسۆڵیا دابین دەکات، گرێبەستیش لەگەڵ کۆمپانیایەکى تایبەتمەندا دەکات بۆ دەستکردن بەکار لەمانگى تەمموز یاخود ئابى داهاتوودا.

 

جبورى باسى لەوەش کردووە، گرنگیەکى بڕیارەکە ئەوەیە ئەگەر وەزارەتى دارایى کورتهێنانى هێنا لە گەیاندنى بڕى پارەى دابینکراو بۆ وەزارەتى بازرگانى ئەوا وەزارەتى نەوت پابەندە بەپێدانى بڕى پارەکە و هەروەها شایستە داراییەکانى گرێبەستەکان کە وەزارەتى بازرگانى لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا کردوویەتى بۆ دابینکردنى بەشە خۆراکەکان.

 

وەزیرى بازرگانى دەشڵێت، بەشە خۆراکى مانگانە لەبەردەم ئاڵنگاریدایە گەر بێتوو هاریکارى نەکرێت بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکەى ئەنجومەنى وەزیران کە بڕیارێکى باشە بۆ پاڵپشتیکردنى خێزانە هەژارەکان، گەرچى پەتاى کۆرۆنا و دۆخى ئابووریش واى کردووە حکومەتیش بکەوێتە بەردەم ئاڵنگارییەوە بەڵام ئەوە گرنگە بژێوى خەڵک لەڕێگەى دابین کردنى بەشە خۆراکى مانگانەوە بەردەوام بێت بەتایبەت بۆ ئەوانەى کە لەژێر هێڵى هەژارییەوەن.