ناس کورد-
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی ئاساییە بەڵام لە ئەگەری دابەزینی زیاتری ئاوی سەرچنار بەهۆی وشکەساڵییەوە، "بێگومان دابەشکردنی ئاوی ماڵان کەم دەبێتەوە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (8ی ئایاری 2021) ڕایگەیاند، دابەشکردنی ئاوی ماڵان لە سلێمانی پەیوەستە بە ئاوی سەرچنار کە لە ئێستاشدا بەهۆی وشکەساڵییەوە کەمی کردووە، هەرچەندە ئێستا مەترسی نییە و دابەشکردنی ئاوی ماڵانیش بەهەمان بەرنامەی پێشترە، بەڵام ئەگەر دابەزینی ئاوەکە بەردەوام بێت بێگومان دابەشکردنی ئاوی ماڵانیش دەبێتە چوار ڕۆژ بۆ پێنج ڕۆژ جارێک.
ئەوەشی وت، "لە ئێستادا حکومەتی هەرێم هەوڵ دەدات بودجەیەک بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی وشکەساڵی تەرخان بکات تاوەکو کەمێک لە مەترسییەکانی وشکەساڵی و کاریگەری لەسەر هاووڵاتیان کەم بکاتەوە، بەتایبەت بۆ ئاوی ئەو گەڕەکانەی تاوەکو ئێستا توڕی ئاویان پێ نەگەیشتووە".
سەبارەت بە نیگەرانی هاووڵاتیان لە چەند گەڕەێکێکی شاری سلێمانی بەوەی کە دابەشکردنی ئاو کەم بووەتەوە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاو ئەوەی ڕەتی کردەوە گۆڕانکاری لە دابەشکردنی ئاو ڕوویدا بێت و ئاشکرایکرد، هۆکاری کەمبوونەوەی ئاو بەکارهێنانی بۆ ئامێرەکانی فێنککردنەوە و زۆر ڕشتنی ئاو دەگەڕێتەوە لەلایەن هەندێک لە هاووڵاتیان کە بوونەتە کێشە بۆ ماڵەکانی دیکەو ئەوەش پێویستە چارەسەر بکرێت.
لەبارەی چارەسەرەکانیش، سەربەست عوسمان وتی، "پێوەری ئاو چارەسەرێکی باش بوو چونکە دابەشکردنی ئاوی لە سێ ڕۆژەوە کردە دوو ڕۆژ جارێک، بەڵام بەهۆی ئەو گۆڕانکارییەی تێیدا کراوە هاووڵاتیان لە ئێستادا پابەندی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاوی بەلۆعە نابن و جارێکی دیکە خواست لەسەر بەکارهێنانی ئاوی ماڵان زیادیکردووە".
لەلایەکی ترەوە و ڕۆژی 21ی نیسانی 2021، جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە هۆشداری دا کە ئەگەر کێشەکانی کەمئاوی لەمساڵدا چارەسەر نەکرێن، لە مانگی ئایارەوە ناتوانرێت ئاوی خواردنەوە بۆ شارەکە دابین بکرێت.
پارێزگای هەڵەبجە ماوەیەک تووشی کەم ئاوی هاتووە و لەئێستادا ئەو سەرچاوانەی ئاوی پارێزگاکە دابین دەکەن کەمیان کردووە کە خۆیان لە سێ سەرچاوەدا دەبیننەوە.
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، "چەند ساڵێکە بەرپرسانی ئێران سەرقاڵی دروستکردنی چەند بەنداوێکن لەوانە بەنداوی داریان کە لەئێستادا بەهۆی پڕکردنی ئاو بەنداوەکەوە، ئاستی ئاوی رووباری سیروان بەتەواوی دابەزیوە و ئەمەش کاریگەری کردۆتە سەر خاڵەکانی وەرگری ئاو لە پرۆژەی ئاوی هانە ژاڵە".
پارێزگای هەڵەبجە لەڕێی سێ پرۆژەوە، ئاوی خواردنەوەی بۆ دابینکراوە، ئەوانیش پرۆژەی ئاوی هانە ژاڵەیە لەسەر رووباری سیروان، بیرەکانی نێو شاری هەڵەبجە و پرۆژەی ئاوی سەرچاوەی زەڵم.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە هۆکارێکی تری کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە لە پرۆژەکانی هەڵەبجە راگەیاند کە بەردانەوەى زیاترى ئاوى دەربەندیخان بوو بەهۆی بوومەلەرزەکەی ساڵی 2017ەوە، ئەمەش وای کرد ئاستی ئاوی دەربەندیخان کەم بکات و ساڵانە لە مانگی ئەیلوول و تشرینی یەکەمدا کێشەی کەم ئاوی بەرۆکی هەڵەبجە بگرێت.