گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری و وردەکاریی

کۆمەڵ لە کەرکوک پشتیوانی لە چ لیستێک دەکات.. پارتی یان هاوپەیمانی کوردستانی؟

2021.05.08 - 10:22
App store icon Play store icon Play store icon
کۆمەڵ لە کەرکوک پشتیوانی لە چ لیستێک دەکات.. پارتی یان هاوپەیمانی کوردستانی؟

ناس کورد-
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری باس لە هەڵوێستی حیزبەکەی سەبارەت بەیەک لیست نەبوونی کورد بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە دەکات و ئەوەش دەڵێت، "دەنگدەرانمان ئازادن دەنگ بە کام کاندید دەدەن، بەڵام پشتگیری هیچ لایەنێک ناکەین".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری و سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمانی کوردستان لەمیانی لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمریکا کە "ناس کورد" بینیویەتی (8ی ئایاری 2021) ڕایگەیاندووە، "ئێمە بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان پێمانوابووە دەبێت هەموومان وەکو لایەنە کوردستانییەکان بەیەکەوە بین بۆ هەڵبژاردن، ئەوە نەکرا بەڵام دێتەوە سەرئەوەی ئایا ئێمە دەنگ بەکێ بدەین؟ بۆ ئەوە ئێمە ئەندامان و کادیرانی خۆمان ئازاد دەکەین لەکۆتاییدا بەڕاستی ئێمە پێمان باشە هەرچۆنێک بێت خەڵکێکی کورد لەوێ دەنگ بهێنێت باشترە نەک خەڵکێکی تر کە دەمارگیری هەیە."

 

جەختیکردەوە، تا ئێستا بڕیارییان نەداوە پشتیوانی کام لە دوو لیستە کوردییەکەی کورد (لیستی هاوپەیمانی کوردستانی و لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان) لە کەرکوک دەکەن و وتیشی، "ئێمە بێگومان پشتیوانی کورد دەکەین، بەدڵنیاییەوە کاندیدمان نییە بەڵام بەدیاریکراویی بۆ لیستێک و بۆ قەوارەیەک و بۆ کاندیدێک تائێستا ئەو بڕیارەمان نەداوە ئێمە لایەنێکی سەربەخۆین".


عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەکرد کە بەشدارینەکردنی کورد بەیەک لیستی هاوبەش لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان زیان لە دەنگ و پێگەی کورد دەدات و وەپێموایە ئەمجارە ژمارەی کورسیەکانی کورد لەناوچە جێ ناکۆکەکان کەم دەبێتەوە، ئەمەش بەشێکی هۆکارەکەی بۆ ئەو پەرتەوازەیەی کورد دەگەڕێتەوە کە بەڕاستی بەرپرسیاری یەکەمیش پارتی و یەکێتین.

 

لەبارەی ئەوەی وترا کۆمەڵی دادگەری هۆکاری پێکنەهێنانی هاوپەیمانێتیەکەی هاوپەیمانی هیوا بوو؟ عەبدولستار مەجید وتی "نەخێر، بڕیاری سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری بووە کە هاوپەیمانی بکەین و بەیەک لیست بەشداری بکەین با ئەو هاوپەیمانی (هیوا) یە بنەما و بنچینە بێت بۆ ئەم هاوپەیمانێتی یە بەڵام یەکێک لەکێشەکان بازنەکانە، هەر حزب و لایەنێک هەوڵیداوە لەبازنەی ئەلیف لەبازنەی با‌- لەبازنەی یەک یان لە بازنەی چوار لە پارێزگای هەولێر یان لەپارێزگای سلێمانی کاندیدێکی هەبێت و پێی وابوو ئەم کاندیدەی لەو بازنەیە سەرکەوتوو دەبێت کاتێک کە لایەنێکی تر هەمان قەناعەتی هەبووە لەو بازنەیە کە پێی وایە سەرکەوتوو دەبێت ئەوە دەبێتە ڕێگر و کێشە بۆ دروستبوونی هاوپەیمانی تەنانەت بۆ دروستبوونی هەماهەنگیش ئەوە کێشەکە بوو، کێشەکە دەتوانم بڵێم نە لەلای ئێمە بوو نە لەلای ئەوان بوو بارودۆخەکە واهاتۆتەپێش".



پیشتر ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی، "سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ناوزه‌د كراوه‌ له‌ 10-10 ئه‌نجام ده‌درێت، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی زۆری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان هه‌ماهه‌نگی ته‌واوی كردووه‌ بۆ پارێزگای كه‌ركوك له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به‌یه‌ك هاوپه‌یمانێتی به‌ناوی (هاوپه‌یمانی كوردستان) له‌سه‌رجه‌م هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ك به‌شداریمان كردووه‌ خۆشبه‌ختانه‌ به‌شێكی زۆری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی تریش له‌سۆنگه‌ی به‌رپرسیارێتی و دڵسۆزیان بۆ پێكهاته‌ و بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد كه‌ له‌وێ كۆده‌نگیه‌كیان پێكهێناوه‌ بۆ ئەوەی پشتیوانی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان بكه‌ن ته‌نها پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌بێت ئه‌و به‌لیستی جیا دابه‌زیوه‌ و كاندیده‌كانی دیاریكردووه‌".