ناس كورد_
موقتەدا سەدر ڕایگەیاند شاری قودس دەبێت بۆ هەموو ئاینەكان بێت نەك تاقمێكی تاوانبار "كە مانای پیرۆزی و ئاین و بیروباوەڕ نازانێت"، ئەمەش وەك كاردانەوەیەك بۆ هەڵكوتانە سەر نوێژخوێنانی تەراویحی مزگەوتی ئەقسا لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئیسرائیلەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەدر لە تویتێكدا ( 8 ئایاری 2021) پەیامێكی ناردووە بۆ فەلەستینییەكان كە ئەوان لە شاری نەجەفەوە دژی دوژمنەكەیان دەوەستنەوە كە دوژمنی ئەمانیشە وەك ئاماژەیەك بۆ ئیسرائیل.
پۆلیسی ئیسرائیل شەوی ڕابردوو هەڵیكوتایە سەر نوێژخوێنان لە مزگەوتی ئەقسا و بەپێی گرتە ڤیدیۆییەكان و ئاژانسەكانی هەواڵ هێزە ئەمنییەكانی ئیسرائیل لە ڕێگەی بەکارھێنانی بۆمبی دەنگی و فرمێسکرێژەوە ھەوڵی بڵاوەپێکردنی نوێژخوێنانی لە نێو حەرەمی پیرۆز داوە.
جگە لەوە، لە ئەنجامی ڕێگەگرتنی پۆلیسی ئیسرائیل لە چوونەژوورەوەی فەڵەستینییەکان بۆ ناو مزگەوتی ئەقسا لەدەرگایەكیتری مزگەوتەكە گرژی دروستبووە و بەدوای ئەمەشدا هەڵمەتێكی ئیدانەكردن لە وڵاتانی میسرو قەتەر و توركیاو ئوردنەوە ڕوبەڕووی ئیسرائیل كراوەتەوە و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە پەرەسەندنی گرژییەكانی شارەكە.