گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان: سەبارەت بە دەستدرێژییەکانی تورکیا هەماهەنگیمان لەگەڵ هەرێم هەیە

2021.05.07 - 15:25
App store icon Play store icon Play store icon
ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان: سەبارەت بە دەستدرێژییەکانی تورکیا هەماهەنگیمان لەگەڵ هەرێم هەیە

ناس کورد- 

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانیی عێراق ڕایگەیاند،هیچ رێککەوتنێک لەنێوان عێراق و تورکیادا نییە ڕێگە بە هێزی سەربازی ئەو وڵاتە بدات بۆ ئەوەی لەشکرکێشی بۆ ناو خاکی وڵاتەکەیان بەکات و گوندە سنورییەکان بۆردوومان بکات، دەشڵێت، بۆچارەسەرکردنی ئەو پرسە هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق (هەینی 7ی ئایاری 2021) لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ"ناس کورد" ڕایگەیاند، " پرسی سنور بەزاندنی خاکی عێراق لەلایەن سوپای تورکیاوە زیاتر سیاسییە، ئەو بابەتە دەبێت لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی عێراقەوە چارەسەر بکرێت، ئێمە سەربازین لەسەرکردایەتی خۆمانەوە فەرمانەکان وەردەگرین".



وتیشی، "هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان عێراق و تورکیادا نییە ڕێگە بەهێزی سەربازیی ئەو وڵاتە بدات لەشکرکێشی بۆ ناوخاکی وڵاتەکەمان بەکات و گوندە سنورییەکانیی هەرێمی کوردستان بۆردومان بکات".

 

خەفاجی ئەوەشی وت، " دەبێت بۆچوونەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە  یەک بخەین بۆ ئەوەی بزانین هۆکاری ئەو  دەستدرێژیانە چییە، لە ئێستادا هەماهەنگی تەواومان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە".

 

وتەبێژەکەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق جەختیشکردەوە،" حکومەت و سەرکردایەتی سیاسی عێراق و وەزارەتی دەرەوی عێراق بەردەوام لەسەر هێڵن  بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی تورکیا ".

 

وتەکانی خەفاجی لە کاتێکدایە کە لە (3ی ئایاری 2021) فەریق ڕوکن حامد عەبدولڵا، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پاسەوانیی سنوری عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" لەبارەی لێدوانەکانی خولۆسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا سەبارەت بە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی لەناوچەی میتینای سەربە پارێزگای دهۆک وتی، "بابەتەکە بەوشێوەیە نییە، تائێستا هیچ گفتۆگۆیەکی فەرمی لەگەڵ لایەنی تورکیادا سەبارەت بەو پرسە نەکراوە".

 

وتیشی، "بابەتەکە زیاتر سیاسییە، زیاتر پەیوەندی بە ڕاوێژکارێتی ئاسایشی نیشتیماییەوە هەیە، بۆیە پێشبینی دەکەین لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو دامەزراوەیە ئەو بابەتە یەکلایی بکاتەوە لەڕێگەی کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆبێت لەگەڵ لایەنی تورکی، یاخود لەڕێگەی کەناڵە سیاسییەکانەوە".

 

(یەکشەممە، 2ی ئایاری 2021) خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا بەسەردانێکی کتوپڕ هێزەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەکامی کانی ماسی، میتینا و باشیک بەسەرکردەوە و ڕایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا بەنیازن بنکەیەکی سەربازی فروانتر لەوناوچەیە دروست بکەن".