ناس کورد-
ئەندامێکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق پێى وایە، زۆربوونى هێرشە تیرۆرستیەکان لە کەرکوک بەهۆى بوونى کێشەى ئەمنییەوەیە، داواش دەکات هاریکارى لەنێوان هێزە فیدراڵیەکان و هێزەکانى هەرێمى کوردستان بکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەعد مایع حلفى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق (6ى ئایارى 2021) لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە وتویەتى، هێرشە تیرۆرستیەکانى کەرکوک بەشێوەیەکى ئاشکرا زیادیان کردووە و ئەوەش سەرەڕاى ئەو زەبرە کوشندانەى هێزە چەکدارەکانمان لە پاشماوەکانى داعشى دەدەن.
ئەو پەرلەمانتارەى کوتلە سائرون باسى لەوەشکردووە، تا زیاتر لە کاتى هەڵبژاردن نزیک ببینەوە ئەو گروپانە هێرشە تیرۆرستیەکانیان زیاتر دەکەن، ئەوەش لە چوارچێوەى هەوڵێکى شکستخواردوو بۆ تەگەرە خستنە بەردەم ئەو مافەى کە گەلى عێراقى چاوەڕێى دەکات.
پێشى وایە، هۆکارى زیادبونى ئەو هێرشانەش بۆ سەر یەکە سەربازیەکان و دامەزراوە زیندووەکانى پارێزگاى کەرکوک بۆ بوونى کێشەى ئەمنى دەگەڕێتەوە کە لەوانەیە ببێتە هۆى دروستبوونى کارەساتێک کە ئاواتى پێ نەخوازرێت.
حلفى بەپێویستیشى دەزانێت، چارەسەرى بەپەلە بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە، ئەویش بە هاریکارى پێکهاتە سەربازى و ئەمنییە جیاوازەکانى پەیوەست بە هەردوو حکومەتى بەغدا وهەرێمى کوردستان.