ناس کورد-
ئەو کەسەی لە سلێمانی دوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا توشی "ئیفلیج"ی بوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە تەندروستیی زیاتر تیکچووە و هاوەڵی نەخۆشەکە دەڵێت، ئێستا هۆشی نەماوە، دەشڵێت، ئەوەی تائێستا پێیان وتراوە، جگە لەوەی بەهۆی ڤاکسینەکەوە وای لێهاتووە، تائێستا هیچ ئەگەرێکی دیکە نییە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
خالید ئەحمەدی تەمەن 59 ساڵان، رۆژی 20ی نیسانی 2021 لە بنکەی تەندروستیی کارێزەوشکی سلێمانی، ژەمی یەکەمی ڤاکسینی وەرگرت، بەڵام پاش چەند ڕۆژێک پەلەکانی توشی ئیفلیجی بوون و بردرایە نەخۆشخانە.
ئامانج خەلیل، هاوەڵی نەخۆشەکە (پێنجشەممە 5ی ئایاری 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ پێنجشەممە تەندروستیی نەخۆشەکەمان زیاتر لە پێشتر تێکچووە، پێشتر هۆشی هەبوو، بەڵام ئێستا هۆشی نەماوە، بەردەوامیش لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد دایە."
وتیشی، "تەندروستیی سلێمانی لیژنەیەکیان لەوبارەیەوە پێکهێناوە و ئەوەی بە ئێمە وتراوە ئەوەیە کە بەهۆی ڤاکسینەکەوە وای لێهاتووە و توشی ئەو حاڵەتە بووە، تائێستا جگە لەوە هیچ ئەگەرێکی دیکە نییە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لەوە تێدەگەین کە زۆرینەی ڤاکسینەکان بەڕێژەیەکی کەم ئەو جۆرە کاریگەرییەیان هەیە و لە ملیۆنێک کەس چەند کەسێک توشی ئەو حاڵەتە دەبن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە تەندروستیی حکومی چاودێری نەخۆشەکەی ئێمە ناکات و ئەوەی لەسەرەتاوە بۆی کراوە تائێستا هەر ئەوەیە و ئەوەش خۆمان بۆمان کردووە."
ئامانج خەلیل ڕوونیشیکردەوە، "ئەو کەیسە کەیسێکی گشتی و نێودەوڵەتییە و پەیوەندی بە ژیانی هاووڵاتیانی دیکەوە هەیە، پێویست بوو ڕاستەوخۆ وەزارەتی تەندروستی چاودێری بکردایە و لێی بکۆڵیایەتەوە و ڕاپۆرتی خۆی لەبارەوە بدایەتە تەندروستیی جیهانی، بەڵام بەپێچەوانەوە نەخۆشەکەی ئێمە تائێستا لە نەخۆشخانەی تایبەتە."
هاوەڵی نەخۆشەکە باسی لەوەشکرد، "بۆ دڵنیایی خۆمان پشکنینەکانیمان ناردووە بۆ ئەردەن و تورکیا و ئەوەش هەر لە ئەستۆی خۆمان کردومانە، ئێمە هەموو شتێکمان بۆ نەخۆشەکەی خۆمان کردووە، بەڵام خەمی هاووڵاتیانی دیکەمانە و بۆ ئەوەشی خەڵک سارد نەبێتەوە لە ڤاکسین وەرگرتن، بۆیە دەمانەوێت وەزارەتی تەندروستی چاودێری نەخۆشەکەمان بکات."