گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

د. کەریم شەریف قەرەچەتانی: مامۆستا هەڵۆ پەیوەندی پێوەکردم

2021.05.06 - 18:11
App store icon Play store icon Play store icon
د. کەریم شەریف قەرەچەتانی: مامۆستا هەڵۆ پەیوەندی پێوەکردم

ناس کورد-

د. کەریم شەریف قەرەچەتانی، دەروونناس و مامۆستای زانکۆ ڕایگەیاند، مامۆستا هەڵۆ حەمەڕەشید پەیوەندی پێوەکردووە و کێشەکەی نێوانیانی ڕوونکردووەتەوە، هەربۆیە سکاڵای لەسەر تۆمارناکات. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

قەرەچەتانی لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی (پێنجشەممە 5ی ئایاری 2021) ڕایگەیاند، "مامۆستا ھەڵۆ پەیوەندی پێوە کردم و ھەموو شتەکانی بۆ روونکردمەوە و پێی راگەیاندم کە بەھیچ شێوەیەک مەبەستم تۆ نیە و ئەمە وتارێکی دوور و درێژی منە و بۆ کەسێکی ترە، بەڵام بەداخەوە یوتیوبی سەر بە (...........) دەستکاریان کردووە و ئەوانەیان لێ ھەڵبژاردووە و وێنەیەکی من و تۆیان لەسەر داناوە، خودا شاھیدە مەبەست تۆ نەبووە،  پێش چەندساڵ لەسەر ھەمان بابەت قسەم کردووە حەز دەکەیت ڤیدیۆکەت بۆ دەنێرم ئەگەر ھەندێک بەشی لاببەیت وادەزانن باسی تۆ دەکەم." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "مامۆستا هەڵۆ پێشی وتووم، من چەندجار لە ڤیدیۆدا بە باش و خێر باسی تۆم کردووە و ڤیدیۆکان لە پەیجەکەم ھەن و تەنانەت پێش رەمەزانیش ھەر بە خێر و چاکە باسم کردووی ئیتر چۆن بەخراپ باست دەکەم و خودا ئەو لایەنە سوک و ریسوا بکات کە دەستکاری ئەو ڤیدیۆیەیان کردووە بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان بەکاریان ھێناوە و کێشەیان بۆ ھەموومان دروست کردووە و من خۆشم لە پەیجەکەی خۆم روونکردنەوەیەک بڵاو دەکەمەوە بۆ پەیج و سایتەکانیشی دەنێرم." 

 

د. کەریم شەریف قەرەچەتانی دەشڵێت،"منیش لەبەرانبەر ئەو روونکردنەوەی مامۆستا ھەڵۆ ھیچ سکاڵایەک لەسەری تۆمار ناکەم و ریسوایش بۆ یوتوبەکەی (.............) کە ئەو کارە قێزەونەی کردووە." 

 

د. کەریم شەریف قەرەچەتانی پسپۆڕی دەرونی و مامۆستای زانکۆ (5ى ئایارى 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، لەبەرانبەر ئەو قسە نەشیاوانەی بەرانبەر خۆم و پلەی زانستی و خێزانەکەم کردویەتی بڕیارمداوە سکاڵای یاسایی دژی مامۆستا هەڵۆ مامۆستای ئاینی تۆمار بکەم لەکاتێکدا ئەو مامۆستایە لەناو مزگەوت ئەو کارەی بەرانبەر من کردووە.  

  

وتیشی "ئەو مامۆستایە من دڵنیام لەوەی بەشێکی ئەو ڤیدیۆیەی منی بینیوە کە باسم لەوە کردووە هەر کەس ئازادە لەوەی دیندار دەبێت یان نا بەڵام من ئاماژەم بەوەشکردووە کە لە قورئانی پیرۆز باسی ئەوە کراوە ئەوانەی باوەڕ ناهێنن سزاکەیان جەهەنەمە، نازانم چۆن ئەم مامۆستایە بەمجۆرە باسی نەکردووە و ئەو ڕەخنەیە لەمن دەگرێت، باشە گریمان من هەڵەیەکم کردووە دەبوو بۆم ڕاست بکاتەوە نەوەک هەڵە بەرانبەر مامۆستایانی زانکۆ بکات یاخود قسەی هەڵە بە خێزان و کەسوکارم بکات".  

  

باسی لەوەشکرد، من بڕیارمدابوو لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی بدەمەوە بەڵام لەسەر داوای زۆرێک لە مامۆستایانی ئاینی و مامۆستایانی هاوڕێم کۆنگرەکە ناکەم بەڵام سکاڵایی یاسایی لەدژی تۆمار دەکەم و ڤیدیۆیەکەی خۆم و ڤیدیۆیەکەی ئەویش وەکو بەڵگە دەدەمە یاسا.  

  

نیگەرانی خۆشی بەوە دەربڕی چەندین جار بەگری لەو مامۆستا ئاینییە کردووە بەڵام ئێستا ئەو بە بینینی بەشێکی ڤیدیۆی ئەو هاتووە قسەی نەشیاوی کردووە، لەکاتێکدا دەبوو ئەگەر هەڵەش بێت هەڵەکەى بۆ ڕاست بکاتەوە، باسی لەوەشکرد، بەهۆی ئەو بۆچوونانەی لە ڕابردوو لە ئیستاشدا لەسەر دینی ئیسلام و دینداری هەمبووە زۆر جار بە "مەلا کەریم بانگم دەکەن".  

  

پێشتر مامۆستا هەڵۆ لە وتارێکی ڕۆژانەی لەناو مزگەوت باسی لەوە کرد کە گوایە د.کەریم شەریف قەرەچەتانی باسی لە ئایەتێکی سورەتی کەهف کردووەو کە دەڵێت "هەرکەس دەیەوێت با باوەڕبهێنێت هەرکەسیش دەیەوێت با کافر بێت" بەڵام ئایەتەکەی تەواو نەکردووەو باسی لەوەنەکردووە کە ئەوانەی کافرن سزای ئاگر چاوەڕوانیان دەکات و ئەوەشی بە هاندان داناوەو بۆ ئەوەش ڕەخنەی توندی گرتووەو بە "تڕۆفیسۆر" و "فڵتەفڵت" ناوی دەبات.