ناس کورد-
وتەبێژی سەربازیی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هەماهەنگی تەواو لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە بەمەبەستی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەی کە لەنێوان هەردوولادا بوونیان هەیە، جەختیشیکردەوە، هێزە ئەمنییەکانیان لەئەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هاوڵاتیان و بنکە سەربازییە عێراقییەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
یەحیا ڕەسول، وتەبێژی فەرمیی سەربازیی سەرۆکوەزیرانی عێراق (5ی ئایاری 2021) لەمیانەی لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق ڕایگەیاند "بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هەڵمەتەکانی ڕاوەدوونانی گروپە تیرۆرستییەکان بە پاڵپشتی زانیاریی هەواڵگریی، بەردەوامە لەهەموو ناوچەکانی وڵاتدا".
وتیشی "بنکەی سەربازی بەلەد بنکەیەکی سەربازیی عێراقییە و هەموو ئەوانەی لە بنکەکەدان عێراقین و هیچ کارمەندێکی ئەمەریکی و نێودەوڵەتی لەو بنکەیەدا بوونی نییە، بە ئامانجگرتنی ئەو بنکەیە لە زیان زیاتر هیچ سودێک بەعێراق نابەخشێت".
ڕەسول ئاماژەی بەوەشکرد "هێزە ئەمنییەکانمان توانای ئەوەیان هەیە زۆر بەتوندی وەڵامی هەوڵە نەزۆکەکانی تیرۆرستان بدەنەوە، بەردەوام لە ئامادەباشی تەواودان بۆ پارستنی ئاسایش و ژیانی هاوڵاتیان و بنکە سەربازییە عێراقییەکان".
وتەبێژە سەربازییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق وتیشی "هەماهەنگی تەواو لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانیی پێشمەرگەدا هەیە بەمەبەستی پڕکردنەوە و پاراستنی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەی کە دەکەونە نێوان هەردوولا".