گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

حکومەتى هەرێم چەند بڕیارێکى بۆ سنوردارکردنی توندوتیژی دژی ژنان تاوتوێ کرد

2021.05.05 - 18:13
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتى هەرێم چەند بڕیارێکى بۆ سنوردارکردنی توندوتیژی دژی ژنان تاوتوێ کرد

ناس کورد-

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیرى پەیوەندیداردا سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانى کرد.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نوسینگەى ڕۆژنامەوانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان (5ى ئایارى 2021) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، ئەمڕۆ چوارشەمە 2021/5/5 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان کرد.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی بەرامبەر ڕووداوەکانی توندوتیژی  دژی ژنان و توندوتیژی خێزانی بە‌گشتی، گفتوگۆ دەربارەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوە و سنووردانان بۆ ئە‌و دیاردە نەشیاوانە‌ کرا.

 

ئەوەش رونکراوەتەوە، سەرۆکی حکومەت پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بە گشتی و بەتایبەتی بەرامبەر ئافرەتان دووپات کردەوە لە ڕێگەی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە ناو حکومەت و کۆمەڵگە و دابینکردنی هەلی كار و جێبەجێکردنی یاساکان و بەهێزکردن و کاراترکردنی ڕۆڵی دادگاکان و دەستگیرکردنی و بە سزاگەیاندنی ئەو تاوانبارانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن.

 

راگەیەندراوەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە کۆبوونەکەدا کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردە بۆ سنووردارکردنی تووندوتیژی دژی ئافرەتان تاووتوێ کرا. لەم ڕووەوە داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرا کە هاوکار بن و ڕۆڵی گرنگیی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و پەرەپێدانی هوشیاری کۆمەڵایەتی بگێڕن و نەبنە سەکۆیەک بۆ هاندانی توندوتیژی و زیاتربوونی دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان.