گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە بەڵگە بزانە چییان کردووە

کاری نایاسایی لە ئەنجومەنی وەزیران و دەستەی دەستپاکیی هەرێمدا ئاشکراکرا

2021.05.04 - 21:31
App store icon Play store icon Play store icon
کاری نایاسایی لە ئەنجومەنی وەزیران و دەستەی دەستپاکیی هەرێمدا ئاشکراکرا

ناس کورد- 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی دووەمی لیژنەی باڵای چاکسازی نزیکەی 20 هەزار فەرمانبەر بە نایاسایی موچە و پلەیان بەرزکراوە، ئەوەش دەرکەوتووە زۆرترین ڕێژەی ئەو کارە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیراندایە و تەنانەت لە دەستەی دەستپاکی و وەزارەتی ئەوقاف ودیوانی چاودێری داراییشدا ئەو کارە نایاساییە کراوە، ئەوەش دەرکەوتووە کەمترین حاڵەتەکان لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا بووە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هەفتەی ڕابردوو لیژنەی باڵای چاکسازی ڕاپۆرتی دووەمی خۆی ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان کرد و لە ڕاپۆرتەکەدا کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە هەندێک کاری حکومەت ئاشکراکراوە و تیایدا دەرکەوتووە کارە "نایاساییەکان" تەنانەت دەستەی دەستپاکیشی گرتووەتەوە. 

 

  

لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا کە تایبەتە بە زیادە پلە و زیادە موچە و تیایدا لە وردبینی بۆ  وردبینی بۆ فایلێ 304 ھەزار و 129 فەرمانبەرا کراوە و دەرکەوتووە، لەو ژمارەیە 19 هەزار و 42 کەس پلەی زیادە و موچەی زیادەیان پێدراوە کە ئەوەش کارێکی نایاساییە و بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ڕاست دەکرێنەوە. 



لە خشتەکەدا دەرکەوتووە، زۆرترین ڕێژەی زیادە موچە و زیادە پلە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە، بەشێوەیەک لە ئەنجامی وردبینیکردن بۆ 806 دۆسییە 720 پلەی زیادە و 1875 زیادە موچە ئاشکراکراوە. 

 

هاوکات وەزارەتی دادیش لەو کارە نایاساییە بەدەر نییە و لە ئەنجامی وردبینیکردن بۆ 3565 دۆسییە، دەرکەوتووە 63 کەس پلەی زیادەیان بۆ کراوە و 53 کەسیش موچەی زیادە. 

 

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە دەستەی دەستپاکیشدا ئەو کارە نایاساییە کراوە و لە ئەنجامی وردبینیکردن بۆ دۆسییەی 78 کەس دەرکەوتووە 16 کەس پلەی زیادەیان بۆ کراوە. 

 

ئەو کارە نایاساییە تەنانەت لە وەزارەتی ئەوقافیشدا تۆمارکراوە و لە ئەنجامی وردبینیکردن بۆ دۆسییەی 12 هەزار و 510 کەس، دەرکەوتووە 113 کەس پلەی زیادەیان بۆ کراوە و 225 کەسیش موچەی زیادە. 

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش بەدەر نەبووە لەوکارە، بەڵام کەمترین حاڵەتی تێدایە و لە وردبینیکردنی 540 دۆسییە، دەرکەوتووە 11 کەس پلەی زیادەیان بۆ کراوە و دوو کەسیش موچەی زیادە.