ناس کورد-
ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداو سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ڕاپۆرتی دووەمی چاکسازی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردوویەتی بۆ پەرلەمانی کوردستان".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان (4ى ئایارى 2021) لەدوای کۆبوونەوەی لیژنەکەیان لەمیانی ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە ساڵی ڕابردوو لیژنەی دارایی لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی کردو بڕیاریاندا لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی سێ مانگ جارێک ڕاپۆرتی تایبەت لەو بارەیەوە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت تاوەکو ئاگادارى وردەکارییەکەی بن بۆ ئەوەش ئەمڕۆ لیژنەی دارایی کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداو کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ڕاپۆرتی دووەمی چاکسازی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستانی کردووە".
ڕاشیگەیاند، دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتی دووەمی لیژنەی چاکسازی بە باشمان زانی چوار وەزیری حکومەتی هەرێم بانگهێشت بکەین بۆ لیژنەکەمان تاوەکو ڕونکردنەوەی زیاترمان بدەنێ و لەبارەی ئەو خاڵانەی تێبینی لەبارەوە هەبووە لەبارەی جێبەجێکردنی یاساکە.
باسی لەوەشکرد، هەریەک لە وەزیری دارایی، وەزیری شەهیدان، وەزیری پێشمەرگەو وەزیری ناوخۆو جگە لەوانیش د. عەبدولحەکیم خەسرۆ سکرتێری لیژنەی باڵای چاکسازی بانگهێشتی لیژنەکەمان دەکرێن.
ئەوەشی وت "چاوەڕواندەکرێت لە ڕاپۆرتی داهاتووی چاکسازی و وەرگرتنی وردەکارییەکانی بڕی ئەو داهاتە ئاشکرا بکرێت کە بەهۆی یاساکەوە دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت".