ناس کورد-
پەرلەمانتارێکى یەکێتى لەپەرلەمانى عێراق نامەیەکى کراوە ئاڕاستەى شاناز ئیبراھیم ئەحمەد و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ دەکات و دەڵێت بەرپرسیارێتییان کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، چونکە دەرکەوت ئاگایان لە پرسە چارەنوسسازەکان نییە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
كوردە هاشم جیهاز ئەمڕۆ سێشەممە لە نامەیەکدا بۆ ئەو دوو بەرپرسەى یەکێتى کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، "شاناز خان و كاك شاڵاو ئەگەر كادرانی یەكێتی گلەییان ھەبووایە دەھاتن بۆ لای ئێوە ئێستا ئێوە گلەییتان ھەیە دەچن بۆ لای كێ؟".
دەشڵێت "ئێوە لە سۆسیال میدیا و لەڕێگەی فەیسبووكەوە پێتان گوتین كە لەزۆر پرسی چارەنوسساز ئاگاتان لە مەحموی بێزەوا نییە".
"ئەمە بۆ تەواوی كادران و خەڵكی یەكێتی جێگەی نیگەرانیی و سەرسوڕمانە لەبەر دوو ھۆكار یەكێكیان ئەوەی كە ڕاستە نوێبوونەوە ھەندێ پرسی چارەسەر كرد، بەڵام دەترسین بڕیاردانەكە زۆر تاكڕەوانەبێت فرە كوێخاییە كۆنەكەمان ئەوەندە بە مەركەزیی بووبێت نزیك بووبێتەوە لە تاكڕەویی و ھیچ پرس و ڕاوێژێك نەكرابێت".
بەوتەى ئەو پەرلەمانتارەى یەکێتى، ئەو پرسە دەریخست یەكێتی ھێشتا چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی نەكردووە لەحاڵەتی پاشاگەردانییە "ئاخر ماقووڵە بوترێت ھەڤاڵانی ھەولێر ئاگایان لە حەدەسێكی سیاسیی گەورەی حزبەكەیان نییە؟ ئێوە كە ئاگاتان لەھیچ نیە ئیتر لەمەودوا مصداقیەت و شایستە بوونتان وەك سەركردە دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە".
ئەوەشى خستووەتەڕوو، لە ھەموو دنیا پایتەخت چەقی ململانێیی سیاسیی نێوان حزبەكانە لەناو یەكێتی پایتەخت بەقوربانی ململانێیی ناوخۆیی كراوە.
نامەى ئەو پەرلەمانتارەى یەکێتى لەو بارەیەوە دواى ناڕەزاییە ناوخۆییەکانى ناو یەکێتى دێت لەبارەى دروستکردنى هاوپەیمانى لەگەڵ گۆڕان و دیاریکردنى کاندیدەکانى بۆ هەڵبژاردن.
لەدوو رۆژى رابردوودا هەریەکە لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ بێ ئاگایی خۆیان لەو بارەیەوە نیشاندا.