ناس كورد-
پارێزەرى سزادراوانى بادینان رایگەیاند، چاوەڕوانى ئەوەن دادگاى تەمیز بەفەرمى بڕیارەکەى لەبارەى دۆسیەى سزادراوەکانەوە رابگەیەنێت، بۆ ئەوەى ئەوانیش هەڵوێستى خۆیان ئاشکرابکەن لەو بارەیەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەشدار حەسەن ئەمڕۆ سێشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، دادگاى تەمیز بڕیارى کۆتایی داوە لەبارەى سزاکەوە، بەڵام هێشتا بەفەرمى بڵاونەکراوەتەوە.
وتیشى "بڕیارەکە لەژێر چاپدایە و هێشتا نازانین بەچى ئاڕاستەیەکە، چاوەڕوانین بەم نزیکانە بەدەستمان بگات، بۆ ئەوەى هەڵوێستى خۆمان لەبارەیەوە رابگەیەنین".
لەبارەى دۆخى سازادراوانەوە، بەشدار حەسەن باسى لەوەکرد، ماوەى دوو مانگە ڕێگە بەدیدار و چاوپێکەوتن و پەیوەندى تەلەفۆنى نادرێت لەگەڵ سزادراوانى بادینان.
پێشتر حاکم شێخ لەتیف مستەفا (4ى ئایارى 2021) لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى بەوە کرد "بەداخەوە دەستەی سزایی دادگای پێداچونەوەی ھەرێم کە لە پێنج دادوەر پێک دێن بەزۆرینەی دەنگی سێ دادوەر سزای بەندکردنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینانی پەسەند کرد".
دەشلیت "رۆژێکی رەش و وەرچەرخانێکی ترسناک لەروی بەکارھێنانی دادگا بۆ سزادانی سیاسی ، ناوبانگی ھەرێمیش زیاتر ناشیرین دەکات".
بەوتەى ئەو دادوەرە، تاقە رێگا مابێ ئەوەیە کە سەرۆکی ھەرێم لەئاستی وتەکانی خۆی بێ و بڕیارێکی لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربکات، چونکە پێشبینی ناکرێ تازە دەستەی گشتی دادگای پێداچونەوەش بریارەکەی بۆ بگۆڕدێت ئەگەر داوای راستکردنەوەش بکرێ.
دادگاى تاوانەکانى دووى هەولێر 16 ى شوباتى 2021 بڕیاریدا هەریەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم بە شەش ساڵ زیندانى سزا بدرێن، بەتۆمەتى سیخوڕى و مەترسی بۆ سەر ئاسایشى هەرێم.