گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

لیژنەى دارایی بەدواداچوون بۆ پشکى هەرێم لە بودجە دەکات

2021.05.03 - 22:43
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەى دارایی بەدواداچوون بۆ پشکى هەرێم لە بودجە دەکات

ناس كورد-
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەمزوانە لیژنەیەک بۆبەدواداچونی جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجە پێکدەهێنرێت، لەناویاندا بڕگەکانى تایبەت بە پشکى هەرێم.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ناجی ئەلسعێدی، ئەندامی لیژنەکە (3ی ئایاری 2021) لە لێدولنێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی عێراق وتی، "لیژنەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنە جیاوازەکانی ناو لایەنە سیاسیەکان پێکدەهێنرێت بۆبەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021".


ڕوونیشیکردەوە، لیژنەیەکە بەدواداچوون بۆ سەرجەم بڕگەکان و بەندەکانی بودجە دەکات لەڕووی کارپێکردن و وەبەرهێنانەوە، هاوکات تێڕوانینیش بۆ پرسی هەرێمی کوردستانیش دەکات لە بودجەدا.


ئەندامەکەى لیژنەى دارایی وتیشی، "لە ڕۆژانی داهاتوودا لیژنەکە دروست دەکرێت و کارەکانی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکاندا ئەنجام دەدات".


ڕۆژی 18ی نیسانی ڕابردوو، بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆک کۆمار لە 8ی هەمان مانگدا پەسەندی کرد ودواتر لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقیدا بڵاوکرایەوە.


هەر ئەمڕۆ بە مەبەستی گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2021ی عێراق و پشکی هەرێم لە یاساکەدا، حکومەتی هەرێم داوایەک ئاڕاستەی دیوانی چاودێری عێراق دەکات.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا (3ی ئایاری 2021) دەڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە 7ی نیسانی 2021، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردران هەنگاوی کردەیی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021 بگرنە بەر.

 

دەشڵێت، "لەم چوارچێوەیەدا، دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان، بەمەبەستی دانانی پلانی هاوبەش بۆ ووردبینیکردنی داهاتەکان و دەستنیشان کردنی نوێنەر، نووسراوێکی ئاراستەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی کردووە و نوێنەری هەرێم لەم بارەوە دەستنیشان کردووە و داوا لە دیوانی چاودێری عێراقی فیدڕاڵ دەکات هەمان ئەو ڕێکارانە بگرنە بەر بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای ناوبراو."

 

تائێستا هیچ بڕپارەیەک لە پشکی هەرێم نەگەیشتووەتە هەرێم، ڕۆژی 28ی نیسانی 2021، مەسرور بارزانى ڕایگەیاند، دانانى میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنى هەرێم و بەغدا و ناردنى بودجە دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆک وەزیران و حکومەتی فیدڕاڵ.

 

مەسرور بارزانى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى "ئەلجەزیرە" ئاماژەى بەوەکرد، لە دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە، پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا باشتر بوون، بەڵام لەرووی پڕاکتیکی و كردەییەوە هێشتا هیچ کارێک نەکراوە.

 

وتیشى، "هێشتا چاوەڕێی سەرۆک وەزیران و حکومەتی عێراقی دەکەین بەشە بودجەی هەرێم ڕەوانە بکەن، ئێستا ئێمە لە مانگی نیسانداین، بەڵام بۆ ماوەی 10 مانگ دەبێت بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی ڕەوانە نەکردووە".