ناس کورد-
بەرپرسانى باڵاى پێشووى یەکێتى کە لە ئەنجومەنى باڵاى سیاسى ئەو حزبەدا کۆبوونەتەوە و لە هەوڵی گەڕانەوەدان بۆ ڕۆڵ بینین و دەركەوتنەوە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە پاش پەسەندکردنى پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجومەنى باڵاى سیاسى و بەرژوەندییەکانى یەکێتى لەلایەن سەرکردایەتى ئەو حزبەوە، ئەندامانى ئەنجومەنەکە لە نامەیەکدا بۆ سەرکردایەتى یەکێتى هۆشدارییان داوە كە هەر شکست و ڕوداوێکى نەخوازراودا بەسەر یەکێتیدا بێت، ئەوە ئۆباڵی دەخەنە ئەستۆى سەرکردایەتى و هاوسەرۆکان و ناچنە ژێرباری بەرپرسیارێتی.
بەپێى زانیارییەکانى "ناس کورد" کە لەچەند سەرچاوەیەکى ئاگادارى ناو یەکێتیەوە دەستى کەوتووە، ئەو پەیڕەوەى کە ئەنجومەنى باڵاى سیاسى و بەرژەوەندییەکانى یەکێتى بەسەرۆکایەتى کۆسرەت ڕەسوڵ ئامادەى کردبوو، دواى ئەوە ڕەوانەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى کراوە پەسەند کراوە، لەم پەیڕەوەشدا ستراتیژ و بەرنامەى کار و دەسەڵاتەکانى ئەنجومەنەکە دیاری كراوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردووە، بەپێى پەیڕەوەکە، دەسەڵاتەکانى ئەنجومەنەکە ستراتیژى نین و زیاتر تەشریفاتین بەوپێەى ئەو ئەنجومەنە لەلایەن یەکێتیەوە بۆ ئەوە دامەزراوە ئەنجومەنێکى ڕاوێژکارى بێت نەک خاوەن دەسەڵات و بڕیارى یەکلاکەرەوە.
زانیارییەكانی بەردەستی ناس کورد ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لە ماوەکانى داهاتوودا دواى پەسەندکردنى پەیڕەوەکەیان ئەو ئەنجومەنە دەستدەکەن بەچالاکیەکان و بارەگاى کۆنى مەکتەبى سیاسیش دەکرێتە بارەگاى سەرەکى ئەنجومەنەکە.
لەدواى کۆنگرەى چوارەمى یەکێتیەوە، ئەنجومەنى باڵاى سیاسى و بەرژەوەندییەکانى یەکێتى پێکهێنرا و زۆربەى ئەندامانى پێشووى مەکتەبى سیاسى بەمەرکەزى یەکێتى کرانە ئەندامى ئەنجومەنەکە.
لەکاردانەوەى پێکهینانى هاوپەیمانى یەکێتی و گۆڕاندا بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ کە نوێنەرایەتی هێڵی باوکى لەناو یەکێتیدا دەکات لە نامەیەکیدا کە ئاڕاستەى ڕێباز بیرکۆتى کردووە بەهۆی دوورخستنەوەی لە كاندیدكردن، بێئاگاى خۆى لەڕێکەوتنەکەى یەکێتى و گۆڕان ئاشکرا دەکات و بەناڕاستەوخۆش دەڵێت، بەرپرسیارێتى ئەو کارە هەڵناگرن کە بڕیاربەدەستانى ترى یەکێتى کردوویانە، ئەمەش هەڵگری هەمان نەفەسی نامەی ئەنجومەنە بە سەرۆكایەتی باوكی، ئەگەرنا سەرچاوەیتری ناو یەكێتی ئەوەیان دركاندووە كە سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی هەردوو هاوسەرۆكیان سەرپشك كردووە بۆ گرێدانی هاوپەیمانێتی و سەرپەرشتیكردنی هەنگاوەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.
ناس کورد ئەوەشى زانیووە، ئەو بەرپرسە باڵایانەى پێشووى یەکێتى کە لەئێستادا لەچوارچێوەى ئەنجومەنەکەدا کۆبوونەتەوە، نایانەوێت ڕاستەوخۆ بەشدارى لەبڕیارەکانى یەکێتیدا بکەن و ناشتوانن ئەوە بکەن بەو پێیەى لەدواى کۆنگرەى چوارەمەوە زیاتر بڕیارەکان بۆ ئەنجومەنى سەرکردایەتى و هاوسەرۆکان دەگەڕێتەوە.
دوێنێیش مەلابەختیار ئەندامى ئەنجومەنەکە لە کورتیلە وتارێکدا دان بەوەدا دەنێت کە ئەوان ئاگایان لەوردەکارى و بڕیارەکانى ڕێککەوتنەکە نییە و بەڕێککەوتنى ناچارى وەسفى کردووە کە لەئەنجامى ترس لەشکستدا ئەوە کراوە و لەو بارەیەوە نوسیویەتى، "هاوپەیمانى یەکێتى و گۆڕان لەبەر ئەوە نییە هەردوولا بەهێزن، بەڵكو لەبەر مەترسی سەرەنجامی هەڵبژاردنە، دوای ئەم هەڵبژاردنە، رێگەی تەندروستی هەردوولا، یەكگرتنیانە، هاوپەیمانی ناچاری، گولاجە عیلاج نییە".
هەندێ لەچاودێرانیش كە قسەیان بۆ ناس كرد پێیانوایە لێدوانەكانی پاش هاوپەیمانێتی یەكێتی و گۆڕان لەلایەن ئەنجومەنی باڵا یان نزیكەكانییەوە بۆنی ئەوەی لێدێت، لەئێستادا ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی چاودێر بگێڕن و ئەگەر ئەنجامە چاوەڕوانكراوەكانی هەنگاوەكەش وەك خۆیان نەهاتنەدی ئەوە دەچنەوە سەر هۆشدارییەكەیان و بەرپرسیارێتییەكەی دەخەنە ئەستۆی ئەم سەركردایەتییەی ئێستا كە جێگای ئەوانی لە بڕیاردان گرتووەتەوە.