ناس کورد-
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هێزەکانی پێشمەرگە کۆبووەوە و پرسی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەى هێزەکانیان تاوتوێکرد، بەتایبەتى هێزەکانى 70ى یەکێتى و 80ى پارتى کە تا ئێستا یەکنەخراونەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی ڕاگەیەنراوێکى وەزارەتى پێشمەرگە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، ئهمڕۆ 3ی ئایاری 2021، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان و فهرماندهى گشتيى هێزە چەکدارەکانی هەرێم له دیوانی سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان لهگهڵ بەرپرسانی باڵای پێشمهرگه كۆبووهوه کە پێکهاتبوون لە جێگرانی سەرۆکی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە و سەرۆکی دەستەی ئەڕکانی وەزارەت و ئەمینداری گشتی وەزارەت و فەرماندەی هێزەکانی 70 و فەرماندەی هێزەکانی 80 و بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە.
ئاماژە بەوەشکراوە، له كۆبوونهوهكهدا دۆخى ئێستای پێشمهرگه، مەترسیەکانی تيرۆرستانى داعش باسیان لێوەکرا، هەروەها تاوتوێی ههوڵهكانى ڕێكخستنهوه و يهكخستنهوهی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەو کۆسپ و تەگەرانەی بەردەم ئەم هەوڵە کرا.
بەپێی راگەیەنراوەکە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوهەنگاوانە کرا کە بەمەبەستی چاکسازی نراون لەوەزارەتی پێشمەرگە لەچوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە، بە هاوکاری و هەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانان.
تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە، باسی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراقی و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبوونەوەی داعش کرا، بەتایبەتی دروستکردنی هێزی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی، کە دروست بووە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراق لەو ناوچانەی مادەی ١٤٠دەیان گرێتەوە، هەروەها بڕیار درا بە دابین کردنی پێويستييهکانی پێشمهرگه له بەرەکانی پێشهوه، بۆ باشتر و خێراتر بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشیکی چەکداری، کە بکرێتە سەر ئەو سەنگەرانەی پێشمەرگە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوەکە.