گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاگەیەنراوێکی توڕە لە حکومەتی عێراقەوە دژی سوپای تورکیا و هاتنی وەزیری بەرگرییەکەى

2021.05.03 - 17:51
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاگەیەنراوێکی توڕە لە حکومەتی عێراقەوە دژی سوپای تورکیا و هاتنی وەزیری بەرگرییەکەى

ناس کورد-

وەزارەتی دەرەوەى عێراق بانگی باڵیۆزی کاتی تورکیای لە بەغدا کردووە و ناڕەزایەتی و توڕەیی خۆی لەبارەى سەردانی خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا کردووە بۆ عێراق بەبێ ڕەزامەندی و مۆڵەتی حکومەتی عێراقی. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا (3ی ئایاری 2021) دەڵێت، "یاداشتنامەی ناڕەزایەتیی حکومەتی عێراق دراوە بە باڵیۆز کە تێیدا بە توندی ئیدانەی سەردانی وەزیری بەرگریی تورکیای کردووە بۆ خاکی عێراق بەبێ هەماهەنگی و ڕەزامەندی پێشوەختە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کە تێیدا چاوی بە هێزەکانی تورکیا کەوتووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی لەسەر خاکی عێراقن."

 

ڕاگەیەنراوەکە دەشڵێت، "هەروەها یاداشتنامەکە ئیدانەی لێدوانی وەزیری بەرگریی کردووە سەبارەت بە دروستکردنی بنکەی سەربازیی هەمیشەیی لە باکوری عێراق."

 

جەختی کردووەتەوە کە "حکومەتی عێراق زۆر بە ڕوونی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی تورکیای بۆسەر سەروەریی عێراق ڕەتکردووەتەوە."

 

دوێنێ (یەکشەممە، 2ی ئایاری 2021) خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا بەسەردانێکی کتوپڕ هێزەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەکامی کانی ماسی، میتینا و باشیک بەسەرکردەوە و ڕایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا بەنیازن بنکەیەکی سەربازی فروانتر لەو ناوچەیە دروست بکەن.

 

هەر ئەمڕۆ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پاسەوانیی سنوری عێراق، ڕەتیکردەوە هیچ گفتۆگۆیەکی فەرمی لەنێوان ئەوان و لایەنی تورکیدا کرابێت لەبارەی دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی نوێی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان.  

  

فەریق ڕوکن حامد عەبدولڵا، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پاسەوانیی سنوری عێراق (3ی ئایاری 2021) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" لەبارەی لێدوانەکانی خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا سەبارەت بە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی لەناوچەی میتینای سەربە پارێزگای دهۆک وتی، بابەتەکە بەوشێوەیە نییە، تائێستا هیچ گفتۆگۆیەکی فەرمی لەگەڵ لایەنی تورکیادا سەبارەت بەو پرسە نەکراوە".  

  

وتیشی، "بابەتەکە زیاتر سیاسییە، زیاتر پەیوەندی بە ڕاوێژکارێتی ئاسایشی نیشتیماییەوە هەیە، بۆیە پێشبینی دەکەین لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو دامەزراوەیە ئەو بابەتە یەکلایی بکاتەوە لەڕێگەی کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆبێت لەگەڵ لایەنی تورکی، یاخود لەڕێگەی کەناڵە سیاسییەکانەوە".  

  

هاوکات "ناس کورد" پەیوەندی بە جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆك ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئۆپەڕاسیۆنەکانەوە کرد، بەڵام هەردووکیان ڕایانگەیاند کە ئەو پرسە پەیوەندی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە نییە و لێدوانی لەسەر نادەن.