ناس کورد-
مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی هەرێم پێشوازی لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکى پەرلەمانی عێراق و سەرۆکى پارتی "تقدم" کرد و هەڵبژاردنەکانیش تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە(3ی ئایاری 2021)، لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عیراق و ناوچەكە تاووتوێ کرا "بە تایبەتی ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراق و گرنگیی زەمینەخۆشكردن لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە ماف و خواستی سەرجەم پێكهاتە جیاوازەکانی عێراق دەستەبەر بكات."
هەروەها جەخت لە "پێویستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرایەوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستور."
لە تەوەرێکی دیکەی كۆبوونەوەكەدا "ئاماژە بە مەترسییەکانی تیرۆر بە گشتی و هەڕەشەکانی داعش کرا کە لە چەندین ناوچەی عێراقدا مایەی هەڕەشەی ڕاستەقینەن بۆ سەر ژیانی خەڵک، لەوبارەیەوە ، جەخت لە گرنگیی هەماهەنگیی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و یەكخستنی هەموو هێز و و تواناكان كرایەوە بۆ ڕێگەگرتن لە هەڕشە و مەترسییەكانی تیرۆر."