گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هاتەدەنگ و سەلەفییەکان بە ’’داعش’’ ناودەبات

2021.05.03 - 11:41
App store icon Play store icon Play store icon
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هاتەدەنگ و سەلەفییەکان بە ’’داعش’’ ناودەبات

ناس کورد-

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەبارەی ھێرشی ژمارەیەک کەسی سەلەفی لە دارسەیران و مەریوان هاتەدەنگ و ڕووداوەکە بە پیلانی حکومەت ناودەبات و دەڵێت، "تائێستا ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە تاوانی سەلەفیە مەیلەو داعشەکان بێدەنگن."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (دووشەممە 3ی ئایاری 2021) ڕایگەیاند، "چەند ڕۆژێکە پێش ئێستا ژمارەیەک سەلەفی بە چەکی سارد و گەرم دەیانەوێ لاوێکی دارسەیرانی بکوژن و بە توندی بریندارییان کردووە، تا ئێستا ھیچکام لەو تاوانبارانە نە دەسگیر کراون و نە لێپێچینەوەیان لێکراوە."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، " ئەو ڕووداوە بەهۆی چەندین دیاردەی دیکەی لەو چەشنە لە مەریوان ڕق و توڕەیی خەڵکی لێکەوتەوە و دەستیان دایە ناڕەزایەتی. چەند جاری دیکەش چ لەسەر سنوری باشماخ و پتر لە ساڵێک لەمەوبەر ئەو ڕەوتە توندئاژۆ سەلەفییە بە چەک ھێرشیان کردووەتە سەر خەڵک و تەنانەت لە سەیرانگاکان ئازاری کچان و ژنان داوە و لە چەشنی داعش سیاسەتی ترس و تۆقاندن بەکار دێنن. "

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی ھەم بەرانبەر بە تاوانی سەلەفیە مەیلەو داعشەکان بێدەنگن، ھەم ھەر دەرفەتێک دەقۆزنەوە بۆ سازدانی کێشە و شەڕ لە نێو خەڵکی مەریوان، دوێنێش بە ھێزێکی زۆر گەڕەکی دارسەیرانی مەریوانیان گەمارۆ دا و ھەموو شاریشیان میلیتاریزە کرد تا ڕێگا بۆ تەراتێنی سەلەفیە ئاژاوەگێڕەکان خۆش بکەن، ئەو جۆرە ڕەفتارەی ھێزی رژیم چ لە مەریوان و چ لە جوانڕۆ لەم ساڵانەدا بەرچاو بووە و بۆ خەڵک ئاشنایە و بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی خەڵکی شارەکان و دەست ئاواڵەکردنی سەلەفیەکانە و لە ڕاستیدا پیلانی ھاوبەشی پێکەوەییانە. "

 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە داوا لە خەڵکی دارسەیران دەکەین ھێمنی خۆیان بپارێزن و نەکەونە داوی پیلانەکەی ڕژێمی ئێران، لە ھەمان کاتدا بە شێوەی مەدەنی ناڕەزایەتی خۆیان ڕابگەیەنن، داوا لە خەڵکی مەریوان و بازار و ڕوناکبیران و کەسایەتییە خاوەن پێگەکانی شار دەکەین پشتی خەڵکی دارسەیران بگرن و دژ بەو ھێرشانە بۆ سەریان بوەستن، ناڕەزایی ھەموو شار بە کاربەدەستانی ڕژیم بگەیەنن و کار بکەن بۆ وەی دەستی سەلەفی و پیلانگێڕییان کورت بکرێتەوە. "

 

ئەوەش هاتووە، "ئێمە بە ھەموو کۆنەپەرەستان و ڕەوتی سەلەفی ڕادەگەیەنین کە شۆڕشی کوردستان و بزوتنەوەی جەماوەری شار چیتر ئەو جۆرە کردەوە قیزەونانەیان لێ قبوڵ ناکات. داوایان لێدەکەین نەبنە ھاوپیمان و جێبەجێ کەری پیلانەکانی ڕژیم و ئاسایشی شارۆمەندان تێک نەدەن و لە بەڕەی خۆیان زیاتر پێ دانەکێشن، دڵنیاین لە درێژەی ئەو کردەوانەیاندا دەکەونە بەر ڕق و توڕەیی ھەموو خەڵکی کوردستان. کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵک چیتر ئەو ھەموو تەجاوز و پیلانە دژ بە خۆیان قبوڵ ناکەن و کۆمەڵە و هەڵسوراوانی سیاسی و مەدەنی وەک هەمیشە بۆ پتەوترکردنی یەکریزی و له ریزی پێشەوە جەماوەر پاشەکشە بەو خەون ئاڵوزانە دەکەن که له سێبەری کۆماری ئیسلامی خۆیان حەشار داوە."

 

جەختیشیکردووەتەوە، "داوا لە ھەموو خەڵک و شار و دێھاتەکانی کوردستان دەکەین دژ بەو پیلانانەی حکومەتی ئیسلامی و سەلەفیەکان ناڕەزایەتی دەرببڕن و بە ھەر جۆرێک بۆیان دەکرێ لە خەڵکی مەریوان و دارسەیران پشتیوانی بکەن. "