ناس کورد-
ماڵپەرێکی ئەمریکی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی ئاشکرای کردووە، پێدەچێت ڤایرۆسی کۆرۆنا تا کۆتایی لەگەڵ مرۆڤدا بمێنێتەوە وتووشبوون بەپەتاکە بەردەوام بێت و ڤایرۆسەکە لە کەسێکەو بۆ کەسێکی دیکە بگوازرێتەوە و دواترچاک بێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ماڵپەڕی ScienceAlert ئەمریکی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی (2ی ئایاری 2021) پرسیاری ئەوەی کردووە ئایا دەکرێت لە هەندێک ناوچەدا پەتای کۆرۆنا جێگیر بێت و بە هەمیشەیی بمێنێتەوە، لە 75%ی ئەو زانایانەی کە پرسیارەکەیان ئاڕاستەکراوە بە بەڵێ وەڵامیان داوەتەوە.
ئاماژەیان بەوەکردووە، "پێدەچێت مرۆڤەکان هەمیشە تووشی ڤایرۆسەکە بن و نەخۆشییەکە بگوازرێتەوە بۆ کەسانی دیکە و دواتر چاک ببنەوە، ڤایرۆسەکە بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە".
پەتاکانی پێشوو چۆن کۆتاییان پێی هاتووە؟
جەیمس وود، پسپۆڕی نەخۆشییە گوازاوەکان لە زانکۆی نیوساوس ویڵز لە سیدنی لەوبارەیەوە دەڵێت، "کاتێک کە ئەنفلۆنزای بەراز لە ساڵی 2009دا دەرکەوت، ساڵێک بوو بە پەتا ودواترلەناوچوون، بەڵام هەندێک لە ڤایرۆسە کۆنەکان تائێستا بوونیان هەیە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزاکەی ساڵی 1918 تائێستا ماوە وبوونی هەیە".
وتیشی، "بنبڕکردنی پەتاکان ئاسان نییە، ئەو نەخۆشیانەی کە تائێستا مرۆڤ توانیویەتی لەناوی ببات تەنها نەخۆشی ئاوڵە و تاعون بووە".
ئایا دەتوانرێت لەڕێگەی ڤاکسینەکانەوە کۆتایی بەپەتای کۆرۆنا بهێنرێت؟
دکتورلی ڕالی، مامۆستا لە زانکۆی کالیفۆرنیا لەوباریەوە وتوویەتی، "ئەوەی کە ئێستا ئاستەنگە لە بەردەم قەڵاچۆکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەڕێگەی بەکارهێنانی ڤاکسینەکانەوە ئەوەیە کە ڤایرۆسەکە بەردەوام توخمی خۆی دەگۆرێت کە ئەوەش وادەکات بەرگریی دژبە ڤاکسینەکان پەیدا بکات".
وتیشی، "بوونی کەسانی کوتراو و کەسانی نەکوتراو وادەکات فشارێک بۆ سەر ڤایرۆسەکە دروست بێت کە ئەوەش وادەکات ڤایرۆسەکە تۆخمی خۆی بۆ چەند جۆرێک بگۆرێت و لەنێو کەسانی نەکوتراودا بڵاوبێتەوە".
رالی جەختی لەوەشکردووەتەوە، "زۆر ئەستەمە بتوانرێت بەرگریی بەکۆمەڵ دژبە پەتاکە دروست بکرێت، چونکە ڤاکسینەکان توانای ئەوەیان نییە بەڕێژەی لە 100%دا سیستمی بەرگریی لەشی مرۆڤ بەهێز بکەن دژ بە ڤایرۆسەکە".
ئاماژە بەوەشکردووە، "سنورداربوونی بەرهەمهێنانی ڤاکسین هۆکارێکی دیکەی کۆنتڕۆڵنەکردنی پەتاکەیە، لە ئێستادا جیهان توانای ئەوە نییە لە ڕۆژێکدا 15 بۆ 25 ملیۆن ژەمە ڤاکسین بەرهەمبهێنرێت چونکە ڤاکسینەکان کاتێکی زۆریان پێویست دەبێت بۆ ئەوەی بگەن بەهەموو دانیشتوانی سەر زەوی، ئەوەش وا دەکات دابەشکردنی ڤاکسینەکان بەشێوەیەکی داپەروەرانە بەسەر وڵاتانی جیهاندا دابەش نەکرێت، بۆیە لەهەندێ وڵات ڤایرۆسەکە خۆی جێگیردەکات ودەمێنێتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر توانیمان نیشانەکانی ڤایرۆسەکە لەسەر مرۆڤەکان کەم بکەینەوە و لە مردن بیانپارێزین ئیدی پێویست بەوە ناکات بیر لە قەڵاچۆکردنی تەواوی ڤایرۆسەکە بکەینەوە".