ناس کورد-
دواى هەڵوەشاندنەوەى هاوپەیمانى هیوا و دروستبوونی کێشە لەگەڵ حزبەکەیاندا، جیابوونەوەیەکی تر لەناو فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا دروستبووە، د. یوسف محەمەد و بەهار مەحمود ڕەنگە لەناو گۆڕان بمێننەوە و غالب محەمەد، هۆشیار عەبدوڵا و کاوە محەمەدیش وازیان لە بزوتنەوەکە هێناوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی بەدواداچوونەکانی "ناس کورد" کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، لەئێستادا تەنها د. یوسف محەمەد و بەهار مەحمود لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕاندا ماونەتەوە، غالب محەمەد کە تائێستاش ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕانە لە بەغدا وازى لە بزوتنەوەکە هێناوە و بە سەربەخۆیى خۆى کاندید کردووە، هەروەها کاوە محەمەد و هۆشیار عەبدوڵاش بڕیاری نەگەڕانەوەیان بۆ کارى سیاسى داوە لەناو گۆڕاندا.
سەرچاوەکان ئەوەیان ئاشکرا کرد، دواى هەڵوەشاندنەوەى هاوپەیمانى هیوا د. یوسف محەمەد بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى لەگەڵ گۆڕاندا چەند هەنگاوێکى ناوە و لەوبارەیەشەوە گفتوگۆ لەناو گۆڕان هەیە.
مانگی ئازاری ڕابردوودا عومەرى سەید عەلى نامەیەکى ئاڕاستەى فراکسیۆنى گۆڕان لە بەغدا کرد و داواى لێکردن خۆیان ساغ بکەنەوە کە وەکو گۆڕان دەمێننەوە یاخود دەستبەرداربوونیان لەو بزوتنەوەیە ڕادەگەیەنن، ئەگەریش بمێننەوە ئەوا دەبێت سەرەتا واز لە هاوپەیمانى هیوا بهێنن.
هاوکات بەهار مەحمود، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان لە بەغدا تایبەت بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، "ئێمە وازمان لە گۆڕان نەهێناوە و هەر گۆڕانین و هەرگیز نەبووە گۆڕانیش نەبوین و خۆمان لە هەموو کەسێک بە ساحێبى گۆڕان دەزانین، بەڵام ڕەخنەمان لە ئەدائى سەرکردایەتى ئێستاى گۆڕان هەیە".
وتیشى، "بەردەوام گفتوگۆمان لەگەڵ یەکتردا هەیە و بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانىیشمان کە ئێمە ڕەخنەمان هەیە بەردەوامین بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە چارەسەر".
هاوکات دوو سەرچاوە بە ناس کوردی وت، نێوەندگیرییەکە کۆمەڵێک ڕاسپاردە و پێشنیازى یوسف محەمەدی تێدایە، پڕۆژە و ڕەخنەکانیەتی بۆ باشترکردنى کارەکانى گۆڕان گەیەنراوەتە عومەرى سەید عەلى.
هەر بەپێى وتەى سەرچاوەکان، عومەرى سەید عەلى یەکێک لە مەرجەکانى ئەوە بووە دەستبەردارى هاوپەیمانى هیوا ببن و ڕوونکردنەوەیەکى تر بدەن لەسەر ڕەخنەکانى پێشوویان، بە شێوەیەکى گشتیش ڕەزامەندى پیشانداوە گرفتەکانى نێوانیان ئاسایى بێتەوە.