کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- حەوت مانگە بەرهەم ساڵح لەبەردەم هێرشێکى سەختى میدیایى و سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستاندایە، بەڵام ئێستا ئەو بەلاى پارتیەوە وەک خاڵى بەهێز وێنا دەکرێت بۆ ڕێکخستنەوەى تەونى شێواوى پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و هەرێمى کوردستان و یەکێتى و پارتى. . ئەمڕۆ 10ى حوزەیرانى 2019، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر فەرشى سورى بۆ ڕاخرا و لەکاتى گەیشتنى بە سەر زەوى فڕۆکەخانەکە، لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە لەئامێزگیرا، دواتریش مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى لەهۆڵى سوێندخواردنەکە پێشوازى گەرمى لە بەرهەم ساڵح کرد. . ئاریان فەرەج، سەرنوسەرى ڕۆژنامەى هەولێر، چونى بەرهەم ساڵح بۆ پایتەخى کوردستان، زۆر بە ئەرێنى وەسفدەکات و پێى وایە ئەگەر دۆخەکە بە عەقارێکى دیکە نەبرێت، ئەوا "بەیانییەکى نوێ" دەستیپێکردووە لەنێوان پارتى و یەکێتى، چونکە بڕواى وایە وتارەکەى کە وەسفى سەرۆکى پارتى کردووە، ئاماژەی زۆر باشى پیشانداوە بۆ پارتى، دەشڵێت: "پارتى ناڕەزایەتى لەسەر کەسایەتى بەرهەم ساڵح نەبووە، بەڵکو ناڕەزایەتى پارتى لەسەر شێوازی پڕۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار هەبووە". . ئەو کادیرە باڵایەى پارتى بڕواشى وایە مەراسیمى سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانى دەستپێکێکى نوێیە بۆ کوردستان، لەئاستى ناوخۆ و عێراق وتیشى: "بەرهەم ساڵح دەتوانێت ڕۆڵ و کاریگەرى خۆى دابنێت لەسەر پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغداد، یەکێتى و پارتى". . هەرچەندە گەرمى وتەکانى بەرهەم ساڵح لە مەراسیمى سوێندخواردنەکە و بەرزى ئاستى پێشوازى لێکردنى نیگەرانیەکى ناڕاستەوخۆى لاى بەشێک لەکادیرانى یەکێتى دروستکردووە، بەڵام باوەڕێک هەیە سەردانەکە سەرەتاى هەنگاوەکان دەبێت بۆ پێکهاتن. . حەسەن جیهاد ڕاوێژکارى سەرۆککۆمارى عێراق باوەڕی وایە لەسەر سێ ئاست سەردانى بەرهەم ساڵح بۆ هەولێر و بەشدارى لە مەراسیمەکەى نێچیرڤان بارزانى کاریگەرى دادەنێت، لە لێدوانێکى تایبەتیدا بۆ ناس کورد دەڵێت: "پەیوەندییەکانى یەکێتى و پارتى دەچنە قۆناغێکى نوێوە و کاریگەرى دروستدەکات، هاوکات زەمینەسازى دەکات بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەتایبەت پرسى نەوت و مووچە و میزانیە و ناوچە جێناکۆکەکان". . ڕاوێژکارەکەى بەرهەم ساڵح، ئاماژەى بەوەشکرد: "ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان، کاریگەرى لەسەر سەنگى کورد دادەنێت لەبەغداد، چونکە سەنگى کورد لەبەغداد بە کۆدەنگییەوەیە، ئەوەى ئەمڕۆش ڕویدا، سەرەتایەکى زۆر گرنگ بوو". . .