گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ناس كورد ئەگەرەکانی دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بڵاودەکاتەوە

2019.03.09 - 16:32
ناس كورد ئەگەرەکانی دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بڵاودەکاتەوە

 

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

 

سەرۆكی سەنتەری زانیاری‌ و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان بەرمەبنای ئەو لێكتێگەیشتنەی لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و بەغدا لەئارادایە، پێشبینی ئەوە دەكات حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان هەر لەمساڵدا دوو مووچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران خەرج بكات.

 

ئاراس خۆشناو سەرۆكی سەنتەری زانیاری‌و لێكۆڵیتنەوەی ستراتیژی كوردستان، تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند "لەدوای بڕیاری لابردنی پاشەكەوتی مووچە بەگشتی چاوەڕواندەكرێت بوژانەوەیەكی باشتر روو لەهەرێمی كوردستان بكات، چونكە ئەو بڕە پارەیەی دەكەوێتە بازاڕ كاریگەری خۆی دەبێت".

 

وتیشی "بەگشتی لەئێستا بەدواوە مانگانە 130 ملیۆن دۆلاری دیكە دەخرێتە بازاڕەوە، كە ئەمە لەرووی بازاڕ‌و ئابوورییەوە ئەگەر 130 ملیۆن دۆلار بخرێتە بازاڕەوە ئەوا دەتوانرێت نزیكەی پێنج هەزار هەلی كاری پێ‌ دروست بكرێت".

 

روونیشیكردەوە "لەڕووی دەروونیشەوە هۆكارێكە بۆ ئەوەی كە ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی بۆ لەمەولا دۆخی ئابوری خەڵكی كوردستان باش دەبێت‌و ئەوەش بازاڕ دەخاتەوە بەر جموجۆڵ".

 

لەبارەی ئەو بڕە پاشەكەوتەی كە لەمووچەی فەرمانبەران بڕدراوە، ئاراس خۆشناو وتی "من پێم باشە ئەو هەوڵانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی دەكات لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت‌و پێشبینی دەكەم هەر لە 2019دا‌و لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێك لەو قەرزانەی مووچەخۆران كەلەلای حكومەتە بدرێتەوە‌و رەنگە مانگێك یان دوو مانگی پاشەكەوت بۆ فەرمانبەران بگەڕێنرێتەوە‌و خەرج بكرێت".

 

وتیشی "بابەتی بەهەژماركردنی بانكی بڕە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەمێكە ئێمە پێشنیارمان كردووە بۆ حكومەت، چونكە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بریتییە لەمافێكی دارایی‌و یاسایی موكتەسەب‌و نە دەگۆڕێت‌و نە كۆن دەبێت‌و نە ئیلغا دەبێتەوە‌و مافێكی فەرمانبەرانە لەسەر حكومەتی كوردستان جا ئەم حكومەتە بێت یان حكومەتێكی تر بێت بۆیە هەر دەبێت بدرێتەوە".

 

خۆشناو روونیكردەوە "باشترین شت بەلای ئێمەوە ئەوەیە كە هەژمارێكی بانكی بۆ فەرمانبەران بكرێتەوە‌و فەرمانبەر لەرێگەی هەژمارەكەوە قەرزەكانی حكومەتی پێ‌ بداتەوە لەنموونەی پێشینەكان‌و خزمەتگوزارییەكان".

سەرۆكی سەنتەری زانیاری‌و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان دڵنیایی ئەوەیدا كە هەموو هەوڵێك دەدرێت بۆ ئەوەی قەرەبووی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان بەگشتی ‌و مووچەخۆران بەتایبەتی بكرێتەوە لەلایەن حكومەتەوە.