ناس کورد-
توێژینەوەیەکی پزیشکی ئەمەریکی ئاشکرایکرد، دەرکەوتنی نیشانەی لاوەکی لەسەر هەندێک کەس لەکاتی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا، هۆکارەکەی تەنها ترس و دڵەڕاوکێیە لە دەرزی لێدان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناوەندی بەرگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەمەریکا ( 1ی ئایاری 2021) لە ئاکامی توێژینەوەیەکدا لە بارەی هۆکاری دەرکەوتنی نیشانەی لاوەکی لە کاتی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا ئاشکرایکرد، " دڵە ڕاوکێ، هۆکاری سەردکی دەرکەوتنی نیشانەی لاوەکییە لەو کەسانەی کە ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن، هیچ کێشەیەک لە ڤاکسینەکاندا نییە".
لەماوەی ڕابردوودا زیاتر لە 64 کەس لە ئەمەریکا توشی نیشانەی لاوەکی بوون لە کاتی کوتان بە ڤاکسینی جۆنسۆن ئاندجۆنسن، کە ئەوەش وایکرد دەسەڵاتی تەندروستیی ئەو وڵاتە کوتان بەو ڤاکسینە ڕابگرێت.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، "دوای لێکوڵینەوە لە حاڵەتاکان و وەرگرتنی داتای پێویست، دەرکەوتووە زۆربەی نیشانەکان بریتی بوون لە توند بوونی هەناسە، خێرای لێدانی دڵ، ڕەشانەوە و لەهۆشچوون و گێژ بوون".
ئەوە خراوەتەڕوو، " ترسی هەندێ کەس لە لێدانی دەرزی (شریقە) ئەو حاڵەتە دروست دەکات، چونکە ئەوە وادەکات جەستەی کەسەکە بارگاوی بێت و کاردانەوەی هەبێت".
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، " دوای دەرکەوتنی ئەو حاڵەتانە حکومەتی ئەمەریکا ناچاربوو چوار بنکەی کوتان بە ڤاکسینەکە دابخات لەکۆی پێنج بنکە، بەڵام دوای دەرکەوتنی ئەنجامی توێژینەوەکە جارێکی دیکە دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا بڕیاریداوە دەست بکرێتەوە بە کوتانی هاووڵاتیان بە ڤاکسینی جۆنسۆن ئاند جۆنسن".