ناس کورد-
وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەى هێرشەکەى شەوی ڕابردووی داعش بۆ سەر هێزەکانی دەڵێت، "هۆکاری ئەو هەلقۆستنەوەی تیرۆریستان بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنییە کە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا (1ی ئایاری 2021) کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە ئاشکرای دەکات، "لە ئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، تیرۆریستانی داعش پەلاماری سەنگەرێکی لیوای 10ی پیادەیان دا لە بەرزاییەکانی (زورگەزراو) لەسنوری میحوەری پێنج. پەلامارەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ درایەوەو تیرۆریستان راونران."
دەشڵێت، "هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەمیشە سازو ئامادەیە، ئەو کردەوە دڕندانەیەی تیرۆریستان خەڵکی کوردستان و سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی هەرێم و ناوچەکە ناشێوێنیت."
وەزارەتەکە جەختی کردووەتەوە کە "پێشتر چەندین جار هۆشداریمان دابوو، لەبارەی مەترسییەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیان تێدایە. بەداخەوە، هۆکاری ئەو هەلقۆستنەوەی تیرۆریستان، بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنییە، کە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، بۆ ئەمەش جەختدەکەینەوە کە ئەو ناوچانە پێویستیان بەهێزی هاوبەش و هاوکاری و هەماهەنگی گشتگیرو هەمەلایەن هەیە لەگەڵ سوپای عیراقدا."
باسی لەوەشکردووە، "بەتیرۆریستان رادەگەینین، هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەڵامی توندی دەبێت بۆ ئەو هێرشە چەپەڵانەیان و دڵنیایش دەدەین بەخەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزراو دەبێت."