ناس کورد-
جەمال ئێمینکی، سوپاسالاری پێشمەرگە ڕاگەیاند، لە خانەقینەوە تا ڕۆژئاوای دیجلە بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق هەیە، ئەوەش بووەتەهۆی ئەوەی چەکدارانی داعش خۆیان ڕێکبخەنەوە و هێرش و کردەوەکانیان زیاتر بکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جەمال ئێمینکی لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردوو داعش لە سنووری پردێ و دووبز بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاند، داعش سوودی لە بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق وەرگرتووە و پێشتر چەندین جار حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی کردووە، بەڵام هێزەکانی عێراق تا ئێستا ئەو بۆشاییە ئەمنەییان پڕنەکردووەتەوە.
ڕاشیگەیاند، "چەندین جار بە هێزەکانی عێراقمان گوتووە، بوونی بۆشایی ئەمنی هۆکارە بۆ چالاکبوونەوەی داعش، دەبێ بە هەماهەنگی و هاوبەشی بۆشاییەکە پڕ بکەینەوە، بەڵام هۆشدارییەکەمان بە هەند وەرنەگیراوە و لایەنی عێراقی بۆ رێکكەوتن نەهاتووەتە پێشەوە".
جەمال ئێمینکی ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ لیژنەی وەزارەتی بەرگریی عێراق لەسەر ئەوە ڕێکەوتبووین کە چوار ناوەندی هەماهەنگی بکەینەوە، بەڵام تائێستا تەنها دوو ناوەند کراونەتەوە، یەکێک لە هەولێر و ئەوەی دیکە لە بەغدا".
كاتژمێر 21:30ی شەوی ڕابردوو، چەكدارانی داعش لە میحوەری ڕۆژئاوای كەركوكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە نزیك گوندی قایەباشی لە سنووری شارۆچكەی پردێی پارێزگای كەركوك، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و شەهیدبوون.
هاوکات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا لە حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەكات دەستبكرێت بە دروستكردنی هێزی هاوبەش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر بەهێزبوونەوەی داعش لەو ناوچەیەدا.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەرسێ پێشمەرگەی شەهید دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین."
دەشڵێت، "ئێمە چەندین جار حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوود وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگاداركردووەتەوە. هێرشی شەوی رابردووی داعش لەو میحوەرەی پێشمەرگەدا هاوكات بووە لەگەڵ چەند هێرشێكی دیكەی داعش دا."
سەرۆکى هەرێمی کوردستان جارێكی دیكە داوا لە پەرلەمان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەکات "بەخێرایی كاربكەن لەسەر دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، بۆ ئەوەی چیدیكە ئەو ناوچانە وەك كۆریدۆری جموجۆڵە تیرۆریستییەكان لەلایەن داعشەوە بەكارنەهێندرێت، چونكە ئەوە مەترسییەكی زۆر گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی هەموو ناوچەكە و جیهان. هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەپێناو دروستكردنی ئەو هاوبەشی و هاوئاهەنگییە بەشێوەیەكی خێرا."